شارەوانی پانزدەی پاریس: ئەم کارەی دەیکەین وەفادارییە بۆ خەباتی پێشمەرگە

شارەوانی پانزدەی پاریس، ڕایگەیاند: هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش بەرگرییەکی بەهێزیان تۆمارکرد و بوونەتە سیمبوڵی کوردستان.
فیلیپ گوژۆن، شارەوانی پانزدەی پاریس، ئەمڕۆ هەینی، 5ـی ئەیلوولی 2025، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆ دەربڕینی سۆز و خۆشەویستی خۆمان بۆ پێشمەرگە، ئەم کارەی دەیکەین وەفادارییە بۆ خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە، بەم ناو لێنانە ڕێز لە قوربانیدانی پێشمەرگە دەگرین، چونکە ئەوان جەنگیان کرد بۆ ئازادی مرۆڤایەتی.
فیلیپ گوژۆن گوتی: کاتێک ڕژێمی بەعس ویستی کورد لەناو ببات، هێزەکانی پێشمەرگە بەرگرییەکی بەهێزیان کرد.
گوتیشی : پێشمەرگە بەرگری لە کەلتوور و ناسنامەی خۆی کرد، ئەوان تێک نەشکان، بەڵکوو خۆیان دروستکردووە، بوونە سیمبوڵی کوردستان، هەروەها لەکاتی شەڕی دژ بە داعش مێژوویان تۆمارکرد و هەزاران قوربانییان دا و ئێزدییەکانیان پاراست.
شارەوانی پانزدەی پاریس ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەک ئاگرەتی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش بەرگرییان کرد و نابێت لە یادیان بکەین، هەروەها سەرۆک بارزانی نوێنەرایەتیی کورد دەکات لە کوردستان.
فیلیپ گوژۆن جەختی لەوە کردەوە، لەناو ئەم پارکە پابەندی خۆمان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دووپات دەکەینەوە.
هەروەها سەرۆک بارزانی، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لە پارکی ئۆندرێ سیترۆێن، گوتارێکی پێشکەش کرد، وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بۆ پاریس و ناونانی شەقامێک بە ناوی پێشمەرگە دەربڕی.