لە کابینەی نۆیەمدا کەرتی وەبەرهێنان گەشەسەندنێکی بەرچاوی بە خۆییەوە بینیوە
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، کەرتی وەبەرهێنان گەشەسەندنێکی بەرچاوی بە خۆییەوە بینیوە و نزیکەی 45%ی کۆی گشتیی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەم ماوەیەدا مۆڵەتیان پێدراوە. ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورە و جۆری بووە لە پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمدا.
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان 24ـی گوت: هۆکاری ئەوەی ژمارەی پرۆژەی وەبەرهێنان زۆرە، ئەوەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ باج و ڕسومات لە وەبەرهێنەران وەرناگریت، هاوکات ژمارەیەک داتای خستەڕوو و ئاماژەی دا، لە ساڵی 2006ـەوە تا ئێستا هەزار و 540 پرۆژەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان وەرگرتووە، 700 پرۆژەیان لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا بووە، بە شێوەیەک دەکاتە نزیکەی 45%ـی کۆی گشتیی پرۆژەکان.
ئەم پرۆژانە لە 11 بواری جیاجیادا دابەشکراون و زۆرترینیان لە کەرتەکانی پیشەسازی، بازرگانی و گەشتوگوزاردا بوون، بە گوژمەی زیاتر لە 12 ملیار دۆلارە.هەروەها 11 پرۆژەی هاوبەش لەنێوان وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆیی بە گوژمەی زیاتر لە 5 ملیار دۆلار جێبەجێکراون، کە ئەمەش نیشانەی متمانەی وەبەرهێنەرانی بیانییە بە هەرێمی کوردستان.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پەرەپێدانی وەبەرهێنان، ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ هاووڵاتییان. جەخت لەوە کراوەتەوە کە لە پرۆژەکانی وەبەرهێناندا مەرجیان داناوە کە دەبێت دەستی کاری ناوخۆیی بەکاربهێنرێت.
یەکێک لە پرۆژە گرنگەکانی ئەم کابینەیە، کارگەیەکی چیمەنتۆیە کە ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 8,000 تۆن چیمەنتۆی هەیە. ئەم کارگەیە کە بە سیستەمێکی ئەلیکترۆنی پێشکەوتوو بە ڕێوە دەبرێت، بەرهەمەکەی نەک تەنیا پێداویستیی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە، بەڵکوو هەناردەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و وڵاتانی دەرەوەش دەکرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی بە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری داوە و هەوڵیداوە ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان بڕەخسێنێت. کامەران دەزەیی، بەڕێوەبەری پرۆژەکە، ئاماژەی دا، ئەگەر ژینگەی ئابووریی لەبار نەبێت، پرۆژەی گەورە ناتوانێت گەشە بکات." باسی لەوەش کرد، لەسەر بنەمای ڕوانگەی کابینەی نۆیەم، پرۆژەی کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبایان هەڵبژاردووە بۆ بەشداریکردن لە بووژاندنەوەی ئابووریی هەرێم.
شێرکۆ عەلی، سەرپەرشتیاری بەرهەمهێنانی کارگەکە، گوت: بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی، بەرهەمەکانیان پێش خستنە بازاڕەوە پشکنینی فیزیایی و کیمیاییان بۆ دەکرێت و دەبێت لەگەڵ ستانداردە عێراقی و جیهانییەکاندا بگونجێت.