لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداری لافاو دەدرێت

وێنە: ئەرشیف
وێنە: ئەرشیف

کەشناسی ئێران پێشبینی دەکات لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شەپۆلێکی لێزمە باران پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکرێتەوە و بەهۆیەوە لافاو چەند ناوچەیەک بگرێتەوە، هەروەها ڕێکخراوی مانگی سوور ڕایگەیاندووە، سەرجەم تیمەکانی خستووەتە ئامادەباشییەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) ئەمڕۆ هەینی 5ی کانوونی یەکەمی 2025، لە زاری دامەزراوەی کەشناسی وڵاتەکەی بڵاوی کردووەتەوە، پێشبینی دەکەن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام بکەونە ژێر کاریگەی شەپۆلە بارزانێکی بەخووڕ و بەهۆیەوە ئاستی ڕووبارەکان بەرز ببنەوە و لە چەند ناوچەیەکی جیاوازیش مەترسی دروستبوونی لافاو دەکرێت.

بە گوێرەی پێشبینییەکان، شەپۆلە بارانەکە لە بەرەبەیانی یەکشەممە 7ی کانوونی یەکەمەوە دەستپێدەکات، سەرەتا پارێزگای ورمێ و دواتر بە فراوانی سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ئیلام دەگرێتەوە و تاوەکوو چوارشەممە 10ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

محەممەدحوسێن کەبادی، لە ڕێکخراوی مانگی سوور هۆشداریداوە، لە بەرزبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکان و مەترسی هەرەسهێنانی شاخ و بەرزاییەکان، بۆ ئەمەش داوای لە هاووڵاتییان دەکات، لەم چەند ڕۆژە بە وریایی و هۆشیارییەوە هاتوچۆ بکەن و لە ناوچە مەترسیدارەکان دوور بکەنەوە.

کەشناسی ئێران ئاماژەیداوە، بە گوێرەی پێشبینییەکان ئەگەر هەیە لەم چەند ڕۆژەدا نزیکەی 250 ملم باران ببارێت.

 
Fly Erbil Advertisment