بۆ یەکەم جار فیلمی کارتۆن بە زیرەکیی دەستکرد بەرهەم دەهێنرێت

لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە، کۆمپانیای "Open AI" دەربازی نێو جیهانیی بەرهەمهێنانی فیلمەکارتۆنەکانەوە دەبێت.
ڕۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ بڵاوی کردووەتەوە، کۆمپانیای "Open AI" هەموو ئامێر و تواناکانی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی فلیمێکی کارتۆن بە ناوی "Critterz" بەکار دەهێنێت، کە بڕیار وایە ساڵی داهاتوو لە هۆڵەکانی سینەمای جیهاندا نمایش بکرێت.
بە گوتەی جەیمس ڕیچەردسن، هاودامەزرێنەری کۆمپانیای " Vertigo Films" کە بە هاوبەشی لەگەڵ ستۆدیۆی"Native Foreign" (ستۆدیۆیەکی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکردە، بە تێکەڵی لەگەڵ ئامێرە ئاساییەکانی بەرهەمهێنانی فیلم)، تیمی بەرهەمهێنەری فیلمەکە، پلانیان وایە لە نۆ مانگدا فیلمکارتۆنەکە ئامادە بێت، ئەمەش ماوەیەکی کەمە بەراورد بە کاتی ئاسایی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە فیلمانە کە نزیکەی سێ ساڵ دەخایەنێت.
تێچووی بەرهەمهێنانی فیلمی کارتۆنیی "Crittizen" کەمترە لە سێ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی، ئەمەش زۆر کەمترە لە تێچووی ئاسایی ئەم جۆرە فیلمە کارتۆنانە.
تیمی بەرهەمهێنەری فیلمەکە، پلان دادەڕێژن بۆ دامەزراندنی ئەکتەری دەنگ بۆ کەسایەتییەکانی نێو فیلمکارتۆنەکە و چەند شێوەکارێکیش بۆ کێشانی وێنە و دیمەنەکان، دواتر دەخرێنە نێو زیرەکی دەستکردی Open AI بۆ ئەوەی بتوانن فیلمکارتۆنەکە بەرهەم بهێنن.
کۆمپانیا گەورەکان وەکوو دیزنی و نێتفلێکس چەند ئامرازێکی زیرەکیی دەستکرد لە بەرهەمەکانیاندا بەکاردەهێنن، بەڵام تا ئێستا دوودڵن لەوەی بە شێوەیەکی تەواو پشتی پێ ببەستن لە بەرهەمەکانیاندا، چونکە دەبێتە هۆی تووڕەبوونی ئەکتەر و نووسەرەکان کە چەندین ساڵە سەندیکاکانیان هەوڵی پاراستنی مافەکانیان دەدەن.
کۆمپانیای Open AI هیوا دەخوازێت ئەم فیلمە سەرکەوتنی زیرەکیی دەستکرد لە بواری بەرهەمهێنانی فیلمدا بسەلمێنێت، بۆ ئەوەی هۆلیوود ئەم تەکنەلۆجیایە لەخۆ بگرێت.
بەرهەمهێنانی فیلم لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە کاتی کەمتر و تێچووی کەمتری دەوێت، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ئاخۆ خەڵک ئامادەن بلیتی فیلمێک بکڕن و لە سینەما بینەری بن، کە بە زیرەکیی دەستکرد بەرهەمهاتبێت یاخود نا.