ئەمەریکا هانی هەولێر و بەغدا دەدات لەسەر پرسی نەوت ڕێکبکەون

کۆتایی بەو وادانە هاتووە کە بەرپرسانی باڵای بەغدا بۆ ڕێککەوتن لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دیارییان کردبوو. لەم نێوەندەدا، ئەمەریکا فشارەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی هەولێر و بەغدا بگەنە ڕێککەوتن و کۆتایی بەو کێشەیە بهێنن کە زیاتر لە دوو ساڵ و نیوە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.

کۆمپانیا نەوتییەکان بە لایەنێکی سەرەکیی کێشەکە دادەنرێن و بەبێ ڕەزامەندیی ئەوان، هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی تورکیاوە ئەستەمە.

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، بە کوردستان24ی گوت: "بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ و نیوە داخراوە. هەموو لایەک لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک. کۆمپانیاکانی ئەپیکور گرێبەستی نووسراویان هەیە بۆ فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوت و پێویستە شایستە داراییەکانیان بەپێی گرێبەستەکان پێ بدرێت."

هاوکات، لێکۆڵەران پێیان وایە ئەمەریکا لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی نیگەرانە لە بەردەوامبوونی ئەم کێشەیە. محەممەد ساڵح، لێکۆڵەر لە پەیمانگەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا، دەڵێت: "یەکەم، بەردەوامبوونی ئەم کێشانە دەبێتە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیریی زیاتر لە عێراقدا، کە ئەمەش جێگەی نیگەرانییە بۆ ئەمەریکا. هۆکاری دووەم ئەوەیە کە وەبەرهێنانێکی بەرچاوی کۆمپانیا ئەمەریکی و ڕۆژئاواییەکان لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستاندا هەیە."

هەڵوێستی فەرمیی ئەمەریکا لەبارەی کێشەکانەوە ڕوونە و هانی هەردوولا دەدات کێشەکانیان چارەسەر بکەن. بەهۆی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ هەولێر و بەغدا، ئەمەریکا نایەوێت لایەنگریی هیچ لایەنێکیان بکات لەسەر حیسابی ئەوی دیکەیان.

Fly Erbil Advertisment