پزیشکیان: مەترسیی پەرەسەندنی قەیران و جەنگ لە ناوچەکە هەیە

سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند: هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەی بە ئامانج گرتووە و پێویستە سنوورێکی بۆ دابنرێت.
مەسعوود پزیشکیان، ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی ئەیلوولی 2025، بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندراوێک هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕێبەرانی بزووتنەوەی حەماس لە ناو خاکی قەتەری سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند ئەم هێرشە، لە سایەی بێدەنگیی پرسیار هەڵگری کۆمەڵگەی جیهانیدا، نەک هەر یاسا نێودەوڵەتییەکان بەڵکوو بنەما مرۆڤایەتییەکانیشی پێشێل کردووە و دەستدرێژیی کردووەتە سەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.
سەرۆک کۆماری ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل بۆ تاوان و تیرۆر باوەڕی بە هیچ سنوورێک نییە و هەموو هەوڵێکێش بۆ دیپلۆماسی لەناو دەبات.
لە ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆک کۆماری ئێراندا ئاماژە بەوە کراوە، هێرش بۆ سەر وڵاتێکی سەربەخۆ، پێشێلکردنی سەروەریی ئەم وڵاتە و جارنامەی نەتەوەیەکگرتووەکانە و هۆشداریش دراوە، بێدەنگیی زلهێزەکان لە بەرانبەر ئەم کارانەی ئیسرائیلدا، مەترسیی پەرەسەندنی قەیران و جەنگ لە ناوچەکە زیاد دەکات.
سێشەممەی ئەمڕۆ، سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاویکردووەتەوە، بە هاوکاری دەزگای پاراستنی ئیسرائیل (شاباک) هێرشێکی ئاسمانییان کردووەتە سەر بەرپرسانی باڵای حەماس، ساڵانێکە چالاکییەکانی ئەو گرووپەیان بەڕێوە دەبرد و لە هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەر دەستیان هەبووە.
میدیاکانی ئیسرائیلیش بڵاویان کردووەتەوە، بارەگایەکی حەماس لە دەوحە کراوەتە ئامانج، پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکیش ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە.ڕادیۆی سوپاسی ئیسرائیلیش ئاشکرای کرد، هێرشەکە بە هەماهەنگی ئەمەریکا کراوە.