ئیسرائیل ژمارەیەک پێگەی حوسییەکانی کردە ئامانج

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، چەند پێگەیەکی حووسییەکانیان کردووەتەوە ئامانج و گوتەبێژی حووسییەکانیش جەخت لەوە دەکاتەوە وەڵامیان دەبێت.

سوپای ئیسرائیل، ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2025، ڕاگەیاند: چەندین بنکەی سەربازی حووسییەکانی لە یەمەن بۆردوومانکرد و ژمارەیەک کەسیش بەهۆیەوە کوژراون و 15 پێگەیان کردووەتەوە ئامانج، هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، لە هەر شوێنێک هێرشمان بکرێتە سەر وەڵامان دەبێت، ژمارەیەکی زۆری دامەزراوەی حوسییەکانمان کردووەتەوە ئامانج.

لای خۆیەوە، یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکان ڕایگەیاند، گرووپەکە هێرشیان بۆ سەر چەند ئامانجێکی هەستیار لە دەوروبەری قودس بە مووشەکی بالیستیکی دەستپێکردووە، گرووپێکی دیکەش بە "سێ درۆن کە فڕۆکەخانەی ڕامۆن و دوو شوێنی دیکەی گرنگیان لە ئیلاتی باشووری ئیسرائیل کردە ئامانج.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا چەندین کەسی سڤیل کوژراون و برینداربوونە و بەشێك لە قوربانیان رۆژنامەنووسن.

گوتەبێژی حووسییەکان جەختیش دەکاتەوە، ئەو هێرشەی ئیسرائیل بێ وەڵامدانەوە تێناپەڕێت.