بەردەوامیی تەعریب لە کەرکووک، دانیشتووانی کوردی ئەو شارەی نیگەران کردووە
ئێستا کەمترین قسە لەسەر تەعریب کردنی شاری کەرکووک دەکرێت، لە کاتێکدا زۆرترین مەترسی تەعریب کردنی لەسەرە، گەڕەکی کوردستان نموونەیەکی تەعریب کردنی گەڕەکە کوردییەکانی شاری کەرکووکە، گەڕەکێکە لەدوای ساڵی 2003، کورد دروستی کردووە و ئاوەدانی کردەوەتەوە، بەڵام 16ـی ئۆکتۆبەر هاوکێشەکەی گۆڕی و ئێستا خەریکە ژمارەی عەرەب لە ژمارەی کورد زیاتر دەبێت.
کەیوان ئیبراهیم، هاووڵاتییەکی گەڕەکی کوردستانە و بۆ کوردستان24 دەڵێت: نیوەی زیاتری دانیشتووانی گەڕەکەکەمان لە کەرکووک بوونەتە خەڵکی عەرەب، ژمارەیان زۆر زیادی کردووە، زۆریش پیسن، زبڵ و خاشاکی زۆر لە گەڕەکەکە بڵاو دەکەنەوە.
بڕوا حەسەنیش، دوکاندارێکی گەڕەکی کوردستانە و دەڵێت: وەکو ناو، گەڕەکەکە ناوی کوردستانە، بەڵام مۆرکێکی عەرەبی پێوەیە، نیوەی زیاتری دانیشتووانەکەی عەرەبن.
هەر لەنێو دوکانی هاووڵاتییە کوردەکە، عەدنان جاسم، هاووڵاتییەکی عەرەبی خەڵکی بێجی بۆ کڕینی شتومەک هاتبوو، بۆ کوردستان24 گوتی: لە گەڕەکی کوردستان لە کەرکووک زۆر ئاسوودە و بێ کێشەین، گوتی: من خەڵکی بێجیم و لە سەڵاحەدینەوە هاتووم، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و تێکچوونی خانووەکەم، هاتوومەتە گەڕەکی کوردستان ، کەرکووک بۆ ئێمە زۆر باشترە.
ئەرکان محەممەد، خاوەنی نووسینگەی خانووبەرە لە گەڕەکی کوردستان بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر زیاتر لە سەدا 96ـی دانیشتتوانی گەڕەکی کوردستان، کوردبوون، ئێستا ڕۆژ دوای ڕۆژ ژمارەی عەرەب زیاد دەکات و ژمارەی کورد کەم دەکات، لەڕێگەی کوردستان24ـیشەوە، داوای لە پارێزگاری کەرکووک کرد، ئەوەی خەڵکی کەرکووک نییە، نووسراویان بۆ بکات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شارەکانی خۆیان، چونکە ئێستا شەڕی داعش نەماوە و هیچ مەترسییەک نییە، دەڵێت: بوونی ئەو هەموو عەرەبە، مەترسیی لەسەر کار و بژێوی ژیانی گەنجانی کوردی کەرکووک دروستکردووە، گوتی: من زانیاریم هەیە، زیاتر لە 500 کەس لە گوندێکی دەرەوەی کەرکووکەوە هاتوونەتە گەڕەکی کوردستان، داعشن.
کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەپێی ماددەی(140)ـی دەستوور، ڕێوشوێنەکانی سڕینەوەی شوێنەواری تەعریبی دیاریکردووە، بەڵام ئەوەی ئێستا لەو ناوچانە ڕووەدات، ڕێک پێچەوانەی ئەو ماددەیەی دەستوورە و داهاتووی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەبات.
