گوڵستان کڵچ کۆچیغیت: کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلان داواکاری گەلەکەمانە

بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، باس لەوە دەکات، کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی ئاشتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، قۆناغی ئاشتی دەباتە قۆناغێکی نوێوەوە و ئەمە خواستی گەلەکەمانە.

گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەم کۆمیسیۆنە گوێ لە هەمووان دەگرێت، بەڵام پێویستی بە گوێگرتن لە کەسێکی دیکە هەیە، پێویستە ئەم کۆمیسیۆنە بەپەلە بچێتە ئیمرالی و لەگەڵ لایەنێکی سەرەکی پرۆسەکە ئەویش ئۆجەلانە کۆببێتەوە و گوێ لە بۆچوون و پێشنیارەکانی بگرێت.

هەروەها گوتی: ئەمە تەنیا چاوەڕوانییەک نییە، بەڵکوو داواکاری گەلەکەمانە بۆ ئاشتی و پێویستی پرۆسەکەیە، سەرئەنجام ئەگەر ئێمە قسە لەسەر پرسێکی مێژوویی وەک پرسی کورد دەکەین، ئەگەر باس لە دروستکردنی کەشێکی نوێ دەکەین، ئەوە دەبێت هەنگاوی بوێرانە بنێین.

گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، ئاماژەی بەوە دا، ئەم کۆبوونەوەیە پرۆسەکە خێراتر دەکات. لە هەمووی گرنگتر، متمانە و باوەڕی خەڵک بە چارەسەریی بەهێزتر دەکات و پرۆسەی ئاشتی دەباتە قۆناغێکی نوێوەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment