هەڵەبجە کەمترین حاڵەتی توندوتیژی لێ تۆمارکراوە

بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان لە هەڵەبجە جەخت لەوە دەکاتەوە، لەو سنوورە کەمترین حاڵەتی توندوتیژی ڕوودەدات، ئەمەش بەهۆی پەیوەست بوونییان بە کۆمەڵێک بەها و نەریتی کۆمەڵایەتیی.
بورهان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان لە هەڵەبجە، ئەمڕۆ هەینی، 12ی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند: لە پارێزگای هەڵەبجە بەراورد بە شار و شارۆچکەکانی دیکە ڕێژەی سکاڵا و حاڵەتی تاوان و توندوتیژی خێزانی کەمترە، ئەمەش بەهۆی ئەو ژینگە خێزانییە گونجاوەی لەو دەڤەرە هەیە، هەروەها لەنێو خانەوادەکان بەها کۆمەڵاتییەکان گرنگی زۆریان پێ دەدرێت و پێوە پەیوەستن.
بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد، لەو سنوورە کارکردنی ژن و مێرد زۆرە بەراورد بە شوێنەکانی دیکە، تەنانەت لە کاتی فێستیڤاڵەکان بە باشی دەردەکەوێت و ئافرەتان هاوکارێکی باشی خانەوادەکانییان لە پەیداکردنی بژێوی ژیانییان.
بورهان ئەحمەد، گوتیشی: ژمارەی سکاڵاکان گرنگ نییە، بەڵکوو جۆری سکاڵایەکە گرنگە، ساڵی ڕابردوو 53 حاڵەتمان هەبووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ ئامارەکان تۆمار نەکراون، لە دەستپێکی ساڵی نوێوەوە بڵاودەکەینەوە.
هەروەها باسی لەوەش کرد، هەموو ئەو سکاڵایانەی دێنە بەرێوەبەرایەتییەکەیان لەلایەن لیژنەی تایبەتمەند چارەسەریان بۆ دەدۆزینەوە و ڕێگەنادەین زیادبێت.
لە ساڵی 2023، 68 حاڵەت لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هەڵەبجە تۆمارکرابوون، بەڵام بۆ ساڵی ڕابردوو کەمیکردبوو.