پێنج پێگەی نوێی شوێنەواریی لە هەولێر دەستنیشان کران

تیمێکی شوێنەوارناسان ڕووپێوی شوێنەواریی دەکەن، هەنگاو بە هەنگاو لە زەوییەکانی هەولێر دەگەڕێن، تا ئێستا لە کۆی 11 پارچە زەوی، پێنج لەو زەوییانەیان وەک ناوچەیەکی شوێنەواریی دەستنیشان کردووە.

محەممەد لەشکری، بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەوار بۆ کوردستان24 گوتی: لە پشتێنەی سەوزایی هەولێر کاردەکەین و 11 زەویمان لە ناوچەی پیرزین و بەحرکە ڕووپێو کردووە، لەو ژمارە زەوییەش، پێنج پێگەی شوێنەواریی دەستنیشانکران کە تا ئێستا لە هیچ تۆمارێکی شوێنەواریی، تۆمارنەکراوە.

ڕووپێوییەکە لەڕێگەی چەند نەخشەیەکی تایبەتی ئەلیکترۆنییەوە دەکرێن، لەگەڵ ئەو بەڵگانەی تیمەکان بەچاو و دەستی خۆیان دەیبیننەوە، تا ئێستاش لە دەشتی هەولێر 988 پێگەی شوێنەواریی دەستنیشانکراون، سەرۆکی شاندی شوێنەوارناسانی هارڤارد ئاماژە بەوە دەکات، بوونی ئەو پێگە شوێنەوارییانە بەڵگەی دوڵەمەندی مێژووی هەرێمی کوردستانە لەسەردەمی جیاوازدا.

جاسۆن ئۆر، سەرۆکی شاندی هارڤارد بۆ کوردستان24 گوتی: تا ئێستا 988 پێگەی شوێنەواریی لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستنیشان کراون، ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە، مێژوو و شارستانییەتی ئەو ناوچەیە کەمتر نییە لە مێژوو و شارستانییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دەشڵێت: کوردستان شوێنێکی گرنگە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی تێدا بکرێت، هەروەها شارستانییەت و کلتوورەکەی پارێزگاری لێ بکرێت.

زانکۆی هارڤاردی ئەمەریکا بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار، لە ساڵی 2012ـەوە ئەو پرۆژەیان جێبەجێ کردووە، تا ئێستا لە سەرتاسەری کوردستاندا، زیاتر لە 6 هەزار و 500 پێگەی شوێنەواریی دەستنیشان و تۆمار کراون.

 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment