ئەنجوومەنی دەوڵەت ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر نەکات، دەبرێتە دادگای فیدراڵی

دادوەرێکی ئەنجوومەنی دەوڵەت دڵنیایی دا، لە دوو ڕۆژی داهاتوو وەڵامی خۆیان لەبارەی کێشە یاساییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن.
شەممە 13ی ئەیلوولی 2025، پەیامنێری کوردستان24 لە زاری دادوەرێکی ئەنجوومەنی دەوڵەت گوتی: هەرچەندە کاتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت دیاری نەکراوە، بەڵام تاوەکوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕۆژی سێشەممە بە فەرمی وەڵامی خۆیان لەبارەی پرسی داهاتی نا نەوتی هەرێمی کوردستان بە ئەنجوومەنەکە دەدەن.
ئاماژەشی داوە، ڕەشنووسەکە ئامادە کراوە و دەبرێتە بەردەم دادوەرانی ئەنجوومەنی دەوڵەت و ڕای خۆیان لەسەر دەدەن کە نزیکەی 23 دادوەر و ڕاوێژکارن، دواتر دادوەرەکان ڕای خۆیان بە نووسراو دەدەنە کەریم غەزبان، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و ئەویش دەداتە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پێشبینیش ناکرێت کۆبوونەوەکە دوا بخرێت یان زۆر بخایەنێت؛ هاوکات مەرج نییە هەموو دادوەرەکان ئامادەبن.
هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەنجوومەنی دەوڵەت قبووڵ نەکات، ئەوا دەتوانێت وەڵامەکە ڕەت بکاتەوە و پێیەوە پابەند نەبێت، هەروەها ئەگەر ئەو پرسە لە ئەنجوومەنی دەوڵەت یەکلایی نەبووە، ئەوا بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، پرسەکە لە دادگای فیدراڵی عێراق چارەسەر دەکرێت، کە پێشتر شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردبوو لەوێ چارەسەر بکرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەسەر ماددەی 29 و 30 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ساڵی 2019 و ماددەی 21 لە پرۆژە یاسای ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 کێشەی یاساییان هەیە؛ هاوکات ڕێککەوتنی نێوانیان لەسەر مووچەی مانگەکانی ئاب، حوزەیران و ئەیلوول پەیوەستە بە پرسی داهاتی نا نەوتی.