ڕێککەوتنی بەریتانیا و فەرەنسا بۆ ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی هەفتەی داهاتوو دەست پێدەکات

دوای نزیکەی سێ مانگ لە ڕێککەوتن لەسەر گەڕاندنەوەی پەنابەر و ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی لە کەناڵی ئینگلیزەوە لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا، بڕیارە ڕێککەوتنەکە سەرەتای هەفتەی داهاتوو جێبەجێ بکرێت.
شەممە 13ـی ئەیلوولی 2025، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان بەریتانیا و فەرەنسا بۆ ڕێگریکردن لە پەڕینەوەی نایاسایی لە کەناڵی ئینگلیز، یەکەم کاروانی گەڕاندنەوەی کۆچبەران لە بەریتانیاوە لە شەممەیەی داهاتوو دەست پێدەکات.
هەروەها ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی فەرەنسی دووپاتی کردووەتەوە کە ڕێککەوتنەکە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەڕێوە دەچێت.
لە مانگی تەممووزدا، بەریتانیا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ فەرەنسا کرد بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرانەی بە بەلەمی بچووک لە فەرەنساوە دەگەنە بەریتانیا. بەپێی ڕێککەوتنەکە، هەفتانە نزیکەی 50 پەنابەر دەگەڕێنرێنەوە بۆ فەرەنسا، لە بەرانبەردا بەریتانیا ئەو پەنابەرانە وەربگرێت کە بە شێوەی یاسایی لە فەرەنسا داواکارییان پێشکەش کردووە. ئەم ڕێککەوتنەش تا ئێستا کاری پێ نەکراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە بەریتانیا خۆپیشاندانێک بە بەشداربووی زیاتر لە 100 هەزار کەس لە دژی کۆچبەر بەڕێوە چوو.