دەستنووسێکی کۆنی مێژوویی 138 ساڵە پارێزگاریی لێکراوە

لە شارۆچکەی شەقڵاوە، هاووڵاتییەک بە ناوی یوحەننا میخائیل، کتێبخانە و مۆزەخانەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە کە تێیدا چەندین دەستنووس و کەلوپەلی کۆن و مێژوویی پاراستووە. یەکێک لە دەگمەنترین ئەو دەستنووسانە، کتێبێکە کە تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1887.

یوحەننا میخائیل مەنسوور، کە خەڵکی شەقڵاوەیە و لە ساڵی 1950 لەدایکبووە، دەرچووی کۆلێژی کارگێڕی و ئابوورییە. ئەو لە دواین پۆستیدا بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ڕافیدەین بووە لە هەولێر و لە ساڵی 2011 خانەنشین بووە.

مۆزەخانەکە میراتی باوکییەتی کە پیاوێکی ئایینی بووە. یوحەننا باس لەوە دەکات کە باوکی خوێندەوارییەکی باشی هەبووە و زمانەکانی فەرەنسی و ئینگلیزیی بە باشی زانیوە.

یەکێک لە گرنگترین دەستنووسەکان کە لە مۆزەخانەکەدا پارێزراوە، کتێبێکە بە ناوی تەرازووی ژیان "میزان الزمان" کە بە زمانی عەرەبی نووسراوە و بە زمانی ئاشووری پێی دەوترێت "مەساحەت ئەلزۆنا". ئەم دەستنووسە باسی دونیا و قیامەت و ژیان و چەندین بابەتی دیکەی حیکمەئامێز دەکات.

یوحەننا میخائیل ئاماژەی بەوەدا کە ئەم کتێبە لە ساڵی 1887 بە دەستنووس لەلایەن قەشە یەعقوب کوڕی قەشە حەننا نووسراوەتەوە. کتێبەکە وەک دیاری دراوەتە باوکی لەلایەن باپیری گەورەیەوە.

جگە لەم دەستنووسە، چەندین کەلوپەلی کۆن و وێنەی مێژوویی و دەستنووسی دیکە لە مۆزەخانەکەدا پارێزراون کە مێژوویەکی دەوڵەمەندی ناوچەکە دەگێڕنەوە.

یوحەننا هیوای خواست کە لە داهاتوودا مۆزەخانەیەکی فەرمی لە شەقڵاوە بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم کەلوپەلە بەنرخانەی تێدا نمایش بکات و بیانپارێزێت بۆ نەوەکانی داهاتوو.

 
Fly Erbil Advertisment