ئێران.. ماتۆڕسواریی ئافرەتان کاردانەوەی بەرفراوانی لێ کەوتەوە

مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕ، هەلێکی یاسایی بۆ بۆ ئافرەتان هێناونەتە ئاراوە کە ساڵانێک لێی بێبەش بوون. ئەم هەنگاوە تەنها ئاسانکارییەک نییە لە گواستنەوەدا، بەڵکو هاتنەدی داواکارییەکی کۆمەڵایەتیی دێرینە کە ئێستا ڕەنگی ڕاستی وەرگرتووە و بووەتە هێمایەک بۆ هەڵبژاردن، سەربەخۆییی تاکەکەسی و ئامادەیی زیاتری ئافرەتان لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتیدا.

بەدواداچوونی بەردەوام و خستنەڕووی داواکارییەکان لەلایەن ئافرەتانەوە، دواجار بووە هۆی جێبەجێکردنی یاسای دەرکردنی مۆڵەتی ماتۆڕلێخوڕین بۆیان و خواستێکی کۆمەڵایەتیی گۆڕی بۆ مافێکی یاسایی. ئەم گۆڕانە، دەرفەتێکی بەرجەستەی بۆ ئافرەتان ڕەخساندووە تا بە متمانەبەخۆبوونێکی زیاترەوە ئامادەیی خۆیان لە شوێنە گشتییەکاندا بسەلمێنن. هاوکات، لەسەر شەقامەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گێڕانەوەی ئەزموونە سەرەتاییەکانی ئافرەتان لە بواری ماتۆڕسوارییدا کاردانەوەی بەرفراوانی لێ کەوتەوە و دەنگی داواکارییەکی پشتگوێخراوی بەرز کردەوە: مافی بەشداریکردنی ئازادانە لە ژیانی ڕۆژانەدا بەبێ هیچ کۆت و بەندێک.

ئەم پرسە، پرسیارێکی بنەڕەتی دێنێتە ئاراوە، ئایا ئەم یاسایە تەنها "مۆڵەتێکە" یان سەرەتای گۆڕانێکی کۆمەڵایەتیی قووڵترە؟ بێگومان، ئافرەتان لە ئێراندا پشکێکی بەرچاویان لە خوێندنی باڵا و بازاڕی کاردا هەیە، بۆیە لێخوڕینی ماتۆڕ، پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگرە، نەک تەنها ئیمتیازێک. دواکەوتنی درێژخایەن لە پەسەندکردن و جێبەجێکردنی ئەم یاسایە ئەوە نیشان دەدات کە پرۆسە یاساییەکان هەندێک جار لەگەڵ پێداویستییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگادا بە خاوی دەڕۆن.

سەرەڕای ئەم هەنگاوە یاساییە، ڕێگاکە بێ ئاستەنگ نابێت. ئافرەتانی ماتۆڕسوار لە ئێراندا ڕووبەڕووی کاردانەوەی جیاواز دەبنەوە، لە سەرسوڕمان و هاندانەوە بگرە تا گاڵتەپێکردن. ئەمەش دەری دەخات کە گۆڕینی بیرکردنەوەی گشتی و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان ڕەنگە لە گۆڕینی یاساکان سەختتر بێت.

بۆچوونەکان لەم بارەیەوە دابەش بوون: لایەنگران پێیانوایە ئەمە هەنگاوێکە بەرەو دادپەروەریی زیاتر و کەمکردنەوەی جیاکاری. ڕەخنەگرانیش دەڵێن "یاسا بە تەنها بەس نییە و ئەگەر بیرکردنەوەکان نەگۆڕدرێن، ئافرەتانی ماتۆڕسوار هێشتا ڕووبەڕووی فشارە کۆمەڵایەتییەکان دەبنەوە."

لە کۆتاییدا، یاساییکردنی ماتۆڕسواریی ئافرەتان دەتوانێت هەم وەک گۆڕانێکی یاسایی سەیر بکرێت، هەم وەک نیشانەیەک لە پرۆسەیەکی فراوانتر لە کۆمەڵگادا. ئەم هەنگاوە ڕەنگدانەوەی بایەخدانێکی نوێیە بەو ڕاستییانەی کە پێشتر کەمتر دەبینران و ئێستا وردە وردە جێگەی خۆیان لە ژیانی گشتیدا دەکەنەوە.

 
Fly Erbil Advertisment