ئۆجەلان: کورد و عەرەب لە سووریا وەک برا بەیەکەوە دەژین

ڕێبەری زیندانیکراوی لە پەیامێکدا بۆ سەرۆک هۆزە عەرەبەکانی سووریا جەخت لەوە دەکاتەوە، پاڵپشتی ئێوە بۆ هەسەدە مانایەکی گەورەیی هەیە و پێویستە پارێزگاری لە یەکڕێزی و یەکگرتووی نێو خۆتان بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ی ئەیلوولی 2025، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) لە پەیامێکدا بۆ سەرۆک هۆزە عەرەبەکانی ناوچەی ڕەقە و دێرەزوور ڕاگەیاند: پشتیوانی و پشتگیری ئێوە بۆ هەسەدە ئاوەدانکردنەوەی سووریایەکی دیموکراسی گرنگ و بە نرخە.
هەروەها دۆستایەتی و برایەتی نێوان کورد و عەرەب دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوون و بڵاوبوونەوەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە.
ئۆجەلان گوتیشی: یەکگرتوویی کورد و عەرەب لە سووریا مانایەکی گەورەی هەیە و بە تەواوەتی پاڵپشتی ئەو یەکڕیزییە دەکەین.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئاماژەی بەوە دا، پێویستە هەموو کەس یەکسان و ئازاد بن، بەیەکەوە بژین و خۆیان بەڕێوەببەن، بەیەکەوەبوون و دادپەروەری لەسەر ئەمە بێتە بنیاتنان، ئەمەش گرێ دراوە بە پاڵپشتی ئێوە بۆ هەسەدە.
باسی لەوە شکرد، هەروەها پاڵپشتی ئێوە بۆ هەسەدە گرنگ و مانایەکی گەورە هەیە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراسی ودادپەروەر و یەکگرتوو، کورد و عەرەب و سریانی و ئاشووری تەواوی پێکهاتە و ئایینەکان وەک خوشک و برا بەیەکەوە بژین.