لەشاری مەدینە دەست بەسەر 142 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیرا

ئۆپەراسیۆنەکەی سعوودیە بەهاوکاریی هەرێمی کوردستان و عێراق بووە

وێنەی دەستگیرکردنی هەردوو بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان
وێنەی دەستگیرکردنی هەردوو بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، بەهەماهەنگی کوردستان و عێراق ، دوو گەورە بازرگانی نێودەوڵەتی ماددە هۆشبەرەکان لە شاری مەدینە منەوەرە لە سعوودیە دەستگیر کران.

عەباس بەهادلی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: "بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەهاوکاریی بەشی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی کوردستان دوو بازرگانی گەورەی نێودەوڵەتی ماددە هۆشبەرەکانیان دەستگیر کردووە."

بەهادلی ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ڕێگەی کارە بەردەوامەکانی بەشی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی کوردستان کە بەردەوام بوونە لە کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی ورد، هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سعوودیە، توانیان ئەو تاوانبارانە لە شاری 'مەدینە منەوەرە' دەستگیر بکەن، کە 142 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری شل لە جۆری کریستالیان لە ناو ئۆتۆمبێلەکانیان شاردبووەوە."

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی لەوەش کرد، ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوکاریی ئەمنی هاوبەش و چالاککردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئێمە و سعوودیە بەرجەستە دەکات. ئەمە یەکەم ئۆپەراسیۆن نییە، چونکە پێشتر ئۆپەراسیۆنی چۆنایەتی لەگەڵ سعوودیە و وڵاتانی دیکەی عەرەبی ئەنجامدراوە و دەبێت بە یەکگرتوویی بوەستن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.

ئەمە لەکاتێکدایە ڕۆژی شەممە، 13ـی ئەیلوولی 2025، بەهۆی توندکردنی ڕێکارە ئەمنییەکان دەیان پاسی عومرەکاران نزیکەی 20 کاتژمێر لە دەروازەی سنووری عەرعەر ڕاگیرابوون.

لەوبارەوە کاروان ستونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت: ڕێکارەکانی سعوودیە بەهۆی دۆزینەوەی ماددەی هۆشبەر بووە لەناو پاسی عومرەکاران و ئەو پاسەشی ماددەکەی تێدا گیراوە، هی هەرێمی کوردستان نەبووە، بەرپرسانی سعوودیەش باسیان لەوەکردووە هەر کۆمپانیایەک ئەو کارەی کردبێت مۆڵەتی لێدەسێندرێتەوە و رێگە نادرێت عومرەکاران بێننە خاکی سعوودیە. 

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment