قەیرانی خوێن لە قامیشلۆ ژیانی نەخۆشانی خستووەتە مەترسییەوە

قەیرانی خوێن ژیانی نەخۆشانی شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستانی خستووەتە مەترسییەوە و هاووڵاتییانیش داوای دانانی بانکێکی خوێن دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. 

 شاری قامیشلۆ ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی کەمیی خوێن بووەتەوە، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر نەخۆشان هەبووە و ژیانی زۆرێک لەو کەسانە دەخاتە مەترسییەوە کە پێویستیان بە گواستنەوەی خوێن هەیە. ئەم دۆخە نالەبارە، کە لە هەندێک حاڵەتدا بووەتە هۆی مردنی نەخۆشان، بە پلەی یەکەم بەهۆی نەبوونی بانکێکی خوێنی کارا لە شارەکە دروست بووە.

هاوڵاتییان و پزیشکان نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەردەبڕن لەبارەی ئەو سەختییانەی کە دێنە پێش دابینکردنی خوێن بۆ نەخۆشەکان، بەتایبەت بۆ نەشتەرگەرییە کتوپڕەکان و قوربانیانی ڕووداوەکان.

 ئیسماعیل حەسەن، هاووڵاتییەکی دانیشتووی قامیشلۆ، باس لەو سەختییە دەکات کە بۆ دۆزینەوەی خوێن بۆ منداڵەکەی تووشی بووە، کە پێویستی بە نەشتەرگەری بووە. ئەو ئاماژە بەوە دەکات "هیچ خوێنێک بۆ خەڵکی گشتی بەردەست نییە" و لە کاتی قەیرانەکاندا نەبوونی خوێن زۆرجار دەبێتە هۆی دۆخی دڵتەزێن و مردن."

مەنال محەممەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سەلام، باسی لەوە کرد، خوێن بۆ نەشتەرگەرییەکان، نەشتەرگەریی منداڵبوون و چارەسەرکردنی بریندارانی ڕووداوەکان زۆر پێویستە . گوتیشی: "چەند ساڵێک لەمەوبەر، بانکێکی خوێنی تەواو کارا هەبوو کە هەموو جۆرەکانی خوێنی دابین دەکرد، بەڵام ئێستا، ستافی پزیشکی و خانەوادەی نەخۆشەکان ناچارن بەپەلە بەدوای بەخشەرانی خوێندا بگەڕێن لەناو خزم و کەسەکانیان، کە زۆرجار کات لەدەست دەچێت و نەخۆشەکە ناگاتە چارەسەر.

 بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سەلام، بە ڕاشکاوی هۆکاری ئەم کێشەیەی بۆ "نەبوونی بانکێکی خوێن لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە" گەڕاندەوە.

وەستاندنی کارەکانی چەندین ناوەندی تەندروستی و کەمیی ئامێر و پێداویستیی پزیشکی لە ڕۆژئاوای کوردستان، قەیرانی تەندروستیی قووڵتر کردووەتەوە. بەرپرسانی کەرتی تەندروستی لە ناوچەکە داوای پاڵپشتیی بەپەلە و هاوکاری دەکەن بۆ بەهێزکردنی سیستەمی تەندروستی، تا بتوانن خزمەتگوزارییە پێویستەکان بە خەڵک پێشکەش بکەن و چارەسەری گونجاو بۆ نەخۆشەکان دابین بکەن .

 
 
Fly Erbil Advertisment