موسڵ.. بانگەشەی هەڵبژاردن بە شێوەی ناڕاستەوخۆ دەستی پێکردووە
لە کاتێکدا هێشتا بە فەرمی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دیاری نەکراوە، لەسەر شەقام و کۆڵانەکانی شاری مووسڵ، بانگەشەی ناڕاستەوخۆ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکردووە. وێنە و پۆستەری ژمارەیەکی زۆر لە بەربژێرەکان لە شوێنە گشتییەکاندا هەڵواسراون و هەر لایەن و بەربژێرێک بە شێوازی جیاواز و بەڵێنی نوێوە هەوڵی ڕاکێشانی دەنگی هاووڵاتییان دەدات.
هاووڵاتییانی مووسڵ گەشبین نین و پێیان وایە ئەم جموجۆڵە تەنیا لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا هەیە. هاووڵاتییەک بە ناوی "محەممەد عباوی" بە کوردستان24ی گوت: "لە پارێزگای نەینەوا، کۆنفرانس و بەڵێن زۆرن، بەڵام جێبەجێکردنیان نییە." هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "جاسم سالم" ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتێکدا هەندێک هاووڵاتی پێنج هەزار دیناریان نییە، بەربژێرەکان ملیۆنان دینار بۆ پۆستەر و بانگەشە خەرج دەکەن و دوای هەڵبژاردنەکان هیچ خزمەتێک پێشکەش ناکەن.
بەپێی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بانگەشەکردن تەنیا لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ڕێگەپێدراوە. بەڵام لە مووسڵ هەندێک لایەن و بەربژێر پابەندی ئەو ڕێنماییانە نەبوون و سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە.
سوفیان مەشهەدانی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئۆفیسی نەینەوای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، ڕایگەیاند کە لیژنەکانی چاودێری، 24 کاتژمێر کار دەکەن و سەرپێچی تۆمار دەکەن. ئەو ڕاپۆرتانە بۆ بەغدا بەرز دەکرێنەوە بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران بگیرێتەبەر.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی مانگی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت. لە پارێزگای نەینەوا، زیاتر لە هەزار بەربژێر و 37 لیست و قەوارەی سیاسی کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 34 کورسیی پەرلەمان دەکەن.