گۆتێرێز: هیچ ئاماژەیەک بۆ کۆتایی هاتنی شەڕی ئۆکرانیا نییە
پوتن و زێلێنسکی زۆر ڕقیان لە یەکترە

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند، سەرەڕای دیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ئەگەری کۆتایی هاتنی شەڕی ئۆکرانیا نییە.
گۆتێرێز لە نیویۆرک لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "گەشبین نیم بە پێشکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە ئۆکرانیا." ڕوونیشی کردەوە، هەڵوێستەکانی کیێڤ و مۆسکۆ تا ڕادەیەکی زۆر دژبەیەکی ماونەتەوە. ڕاشیگەیاند، "لەو باوەڕەدام بۆ ماوەیەکی زیاتر ئەم شەڕە بەردەوام بێت."
ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو، دەبێت دانوستانەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئۆکرانیا خۆی بەڕێوەببات، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی "ئاستی دوژمنایەتی زۆری نێوان ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا".
ترەمپ بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕوونی کردەوە، "بۆ ئەنجامدانی لووتکەیەکی سێ قۆڵی، گفتوگۆ دەبێت، جا تۆ ناوی لێ بنێیت لووتکە یان نا، بەڵام پێدەچێت ناچار بم. ئەوان ئەوەندە ڕقیان لە یەکترە، بەزەحمەت دەتوانن قسە لەگەڵ یەکتر بکەن. ئەوان ناتوانن قسە لەگەڵ یەکتر بکەن."
ترەمپ لە15ـی ئاب لە ئەلاسکا لەگەڵ پوتن کۆبووەوە و دواتریش لە 18ـی ئاب لەگەڵ زێلێنسکی و ژمارەیەک سەرکردەی ئەورووپا لە واشنتن کۆبووەوە.