کێشەی دەرمان لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی چارەسەر کرا

دەستکرا بە خەرجکردنی پارەی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی و کێشەکە چارەسەر کرا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی لەسەر ڕاسپاردەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری چارەسەرکردنی کێشەی نەشتەرگەری، دەرمان و نەبوونی کەرەستەی پزیشکی لە سلێمانی درا؛ ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئەیلولی 2025، دەستکرا بە خەرجکردنی پارەکە.
وەک ئەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە بڵاوکراوەکەیدا باسی کردووە "بەم بڕیارە، کێشەی نەشتەرگەری و دەرمان و نەبوونی کەرەستەی پێویستی پزیشکی لە سلێمانی، تا کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی هات و چارەسەر کرا."
کێشەی کەمیی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی و کێشەی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی، کێشەیەکی درێژخایەن بوو و کاریگەریی نەرێنی کردبووە سەر کەرتی تەندروستی لەم پارێزگایەدا.
ئەم کێشەیە بووە هۆی ئەوەی چەندین نەخۆشخانەی سەرەکی وەک نەخۆشخانەی هیوا (تایبەت بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە)، منداڵبوون، د. جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان، پسپۆڕییەکانی دڵ و بانکی خوێن ڕووبەڕووی کەمیی توند لە پێداویستییە پزیشکییەکان ببنەوە.