ئاکسیۆس: ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی ناتانیاهۆ و شەرع دەکرێت

بنیامین ناتانیاهۆ (ڕاست) و ئەحمەد شەرع (چەپ)
بنیامین ناتانیاهۆ (ڕاست) و ئەحمەد شەرع (چەپ)

بە گوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا، ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەیەکی لوتکەی نێوان ئەحمەد شەرع و بنیامین ناتانیاهۆ لە نیویۆرک دەکرێت. 

پێگەی 'ئاکسیۆس'ـی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە، واشنتن گوشار لە ئیسرائیل و سووریا دەکات بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی ئەمنی؛ لەم چوارچێوەیەدا، ئەگەری هەیە کۆتایی ئەم مانگە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە نیویۆرک یەکتر ببینن.

هەروەها، ئاکسیۆس لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلییەوە ئاشکرای کردووە، تیمی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هەوڵی ڕێکخستنی دیدارێک لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە پەراوێزی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدەن و چاوەڕوانی وەڵامی لایەنی سوورین.

ئاکسیۆس ئاماژەی بەوەش داوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیری ئەمنی لەنێوان دیمەشق و تەلئەڤیڤ، سبەینێ دوو شاندی سووری و ئیسرائیلی لە باکۆ، پایتەختی ئازەربایجان، یەک دەبینن. ئەمەریکا گوشار لە هەردوولا دەکات بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی ئەمنی واژۆ بکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، ئەمەریکا، بە ڕاوێژ لەگەڵ حکوومەتی سووریا، کار بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل سەبارەت بە باشووری سووریا دەکات، کە نیگەرانییە ئەمنییە ڕەواکانی سووریا و ئیسرائیل لەبەرچاو بگرێت، لە هەمان کاتدا جەخت لەسەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکە دەکاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی 'فرانس پرێس' لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی سووری بڵاوی کردووەتەوە، "هێزەکانی سووریا چەکە قورسەکانیان لە باشووری سووریا کشاندووەتەوە،" باسی لەوەش کردووە، پرۆسەکە نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر دوای توندوتیژییەکان دەستیپێکردووە. 

 
Fly Erbil Advertisment