بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڕووسیای هەژاند

ڤلادیمیر سۆلۆدۆڤ، حاکمی هەرێمی کامچاتکا، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ هەینی 19ـی ئەیلوولی 2025، بوومەلەرزەیەکی بەهێز ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ڕووسیای هەژاندووە، ئەمەش وای کردووە حکوومەتی وڵاتەکە هۆشداری دەربارەی ئەگەری ڕوودانی شەپۆلی تسۆنامی گەورە بدەن.

ڤلادیمیر سۆلۆدۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای گەیشتنی شەپۆلەکان بە کەنار دەریا، هیچ ڕاپۆرتێک دەربارەی زیانەکانی ئەو شەپۆلە تۆمار نەکراوە.

دامەزراوەی جیۆلۆجی ئەمەریکی ڕایگەیاند: بەهێزی بوومەلەرزەکە 7.8 پلەی ڕێختەر بووە و لە قووڵایی 10 کیلۆمەتردا بووە، ئەو دامەزراوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، دوای بوومەلەرزەکە ژمارەیەک بوومەلەرزەی لاوەکی ڕوویانداوە کە بەهێزییان گەیشتووەتە 5.8 پلەی ڕێختەر.

وەزارەتی فریاگوزاری ڕووسیا ڕایگەیاند: بەهێزی بوومەلەرزەکە، کە لە دووری 128 کیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی شاری پترۆپاڤلۆڤسک-کامچاتسکی ڕوویداوە، 7.2 پلە بووە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment