نەبەز عەبدولحەمید: کۆرنیشی هەولێر دەکرێتە شوێنێکی گەشتیاری

قایمقامی هەولێر ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە، کۆرنیشی کۆنی هەولێر لەنزیک گەڕەکی پێنجی حەسارۆک، بکات بە پرۆژەیەکی گەشتیاری لەپێناو پاککردنەوەی زیاتری ژینگەی شارەکە.
هەینی 19ـی ئەیلوولی 2025، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی دوو ملیاری دیناری بۆ ماوەی سێ مانگ کە مانگەکانی(تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم، کانوونی یەکەم) دەگرێتەوە، تەرخان کردووە لەپێناو ڕێگریی کردن لە دروستبوونی لافاو لە هەولێر.
قایمقامی هەولێر ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەی پارێزگادا کە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەبوون، چەندین لێژنە بۆ جێبەجێکردنی کارە سەرەتاییەکان پێکهێنران، بڕە پارە تەرخانکراوەکەی سەرۆک وەزیران بەسەر تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان دابەش دەکرێت بۆ ئەوەی هەر لایەنێک کاری خۆی جێبەجێ بکات، لەوانەش، بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و چاککردنەوەی ڕێگەوبانی هەولێر، پلانیش بۆ جێبەجێکردنی کارەکان داندراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پارەکە وەک بوودجەیەکی فریاگوزارییە بۆ ئەوەی لەبەردەستی تیمەکاندا بێت بۆ خاوێنکردنەوەی مەنهۆلەکان و ئاوەڕۆکان، هەروەها ڕێڕەوی ئاوی باران و دابینکردنی ئامێر بۆ ژێر پردەکان بۆ ڕاکێشانی ئەو ئاوەی کۆدەبێتەوە.
قایمقامی هەولێر ڕایگەیاند: لە دەورووبەری هەولێر، زیاتر لە 350 کیلۆمەتر کەند و جۆم پاککراونەتەوە و فراوان کراون، بە دەیان زێدەڕۆیی لەسەر لێواری ئەو کەندانە کە ڕێگر لەبەردەم ڕۆیشتنی ئاوی باران، لادران و چەند کەسێکیش لە سەرپێچیکاران سزادران، گوتی: لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کاری زۆرمان کرد بۆ ئەوەی ڕووداوی لافاو دووبارە نەبێتەوە کە ساڵانی پێشوو خەڵک تێیدا بووە قوربانی.
نەبەز عەبدولحەمید ئاماژەی بەوەکرد، هەندێک لە کاسبکاران بەربەست بۆ ڕێڕەوەکانی ئاو دروست دەکەن لەڕێی ئەو زبڵ و خاشاکەی فڕێ دەدەنە نێو مەنهۆڵ و ڕێڕەوە ئاوییەکان، گوتی: ئەگەر ئەوان هاوکار بن، مەترسی لافاو کەمتر دەبێتەوە.
ئاماژەی بە بازاڕی فرۆشتنی نەوت و گازیش کرد کە زۆرێك لە تانکییەکانی ئەو سووتەمەنیانە لەنزیك کەندەکان داندراون، ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەی دوێنێ بڕیاردرا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و تانکییەکان هەڵبگیرێن، ئەوەی پابەند نەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
قایمقامی هەولێر ڕایگەیاند: لە سەنتەری هەولێر، تیمەکان ڕاسپێدران دەست بە پاککردنەوەی مەنهۆڵەکان و ژێر پردەکان بکەن، داواشی لە هاووڵاتییان کرد پابەندی ڕێنماییەکان بن، بەتایبەت لەناو بازاڕەکانی تەیراوە و شێخەڵڵا کە سەدان کاسبکار کاری تێدا دەکەن، گوتی: بۆ ئەوەی بتوانین ئاسانکاری و هاوکاری ئەو کاسبکارانە بکەین، پێویستە پاک و خاوێنی ئەو شوێنانە ڕابگرن.
نەبەز عەبدولحەمید ڕایگەیاند: چەند لێژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ ڕێکخستنەوەی بازاڕەکان، هەر دووکانێک کەلوپەلەکانی مەنهۆلێک یاخود ڕێڕەوێکی ئاوی گرتبێت، لا دەدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆژەیەک لەسەر کۆرنیشی هەولێر دروست دەکرێت لەنزیک پێنجی حەسارۆک، بەپێی پلانی حکوومەت، پرۆژەکە لەڕووی کەش و هەوا و ژینگە و گەشتیارییەوە کاری لەسەر دەکرێت.