شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە

بەهۆی ئەو شەپۆلە چڕەی خۆڵبارین کە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە سلێمانی، کەرکووک و هەڵبەجە 76 کەس سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.
سلێمانی
هەینی 19ـی ئەیلوولی 2025، ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی گوتی: بەهۆی کاریگەری شەپۆلی خۆڵبارینەوە مەودای بینین بۆ یەک کیلۆمەتر کەم بووەتەوە
ڕاگەیەندن و پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی لەو بارەوە ڕایگەیاندووە لە ئێوارەی ئەمڕۆوە تا کاتژمێر 11:00 ئەمشەو 44 هاووڵاتی سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر و (9) هاووڵاتی ئێستا لە نەخۆشخانەکاندان ماونەتەوە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، هاوکات 35 هاووڵاتی دیکە دوای وەرگرتنی چارەسەرە نەخۆشخانەیان بەجێ هێشتووە.
هەروەها تەندروستی سلێمانی ڕێنمایی دەرکردووە و داوای لە هاووڵاتییان کردووە، بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان بۆ کاری پێویست نەبێت، لە ماڵ دەرنەکەون، هەروەها بۆ چوونە دەرەوە دەمامک بەکاربهێنن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 بەهۆی ئەو خۆڵبارینە چڕەوە دوو هاووڵاتی بەهۆی تەنگەنەفەسییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی فێرکاری و فریاکەوتنی هەڵەبجە کراون
کەرکووک
بەگوێرەی زانیارییەکانی سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک بەهۆی خۆڵبارینەوە و تەنگە نەفەسییەوە، 30 کەس سەردانی نەخۆشخانەکانی کەرکووکی فێرکاری و ئازادی کردووە و هەموویان تەندروستییان جێگیرە.
شەپۆلی خۆڵبارین لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتووەتە کەرکووک تا دێت شەپۆلەکە چڕتر دەبێت، هەروەها بەگوێرەی پێشنیازە کەشناسییەکان خۆڵبارینەکە ئەمشەو دەگاتە، بەغدا، تیکریت، دیلانە، ئەنبار و بابل و ناوچەکانی دیکە.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆ، داوا دەکەن هاووڵاتییان بۆ کاری پێویست نەبێت ماڵەکانیان بەجێنەهێڵین و پەنجەرە و دەرگاکانیان دابخەن، هەروەها بەهۆی ئەوەی مەودای بینین کەمبووەتەوە، بۆ کاری پێویست نەبێت گەشت نەکەن و هاتوچۆی ئۆتۆمبێل کەم بکەنەوە.
هەولێر
هێرۆ مەولوودی، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی خۆڵبارینەوە هیچ حاڵەتێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر تۆمار نەکراوە.
ئاماژەشی دا، لە کاتژمێری 16: 00 شەپۆلی خۆڵبارین لە هەولێر چرتر بووە، بەگوێرەی پێشنیازەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەڵەزەی هەرێمی کوردستان شەپۆلەکە تاوەکوو سبەی شەممە بەردەوام دەبێت.