عه‌دنان جابری: عێراق خاوه‌نی بڕیاری خۆی نییه بۆیه به‌سره ناكرێته هه‌رێم

جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و غازی په‌رله‌مانی عێراق جارێكی دیكه پرسی به هه‌رێمكردنی پارێزگای به‌سره ده‌ورووژێنێته‌وه؛ هاوكات پێی وایه به مه‌به‌ست ڕێگه به‌وه نادرێت به‌سره بكرێته پایته‌ختی ئابووریی عێراق؛ ده‌شڵێت، كۆمپانیا نه‌وتییه بیانییه‌كان له به‌سره، سووكایه‌تیی به كرێكارانی عێراقی ده‌كه‌ن.
هه‌ینی، 19ـی ئه‌یلوولی 2025، عه‌دنان جابری، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و غازی په‌رله‌مانی عێراق به میدیا عێراقییه‌كانی گوتووه، به‌سره شیاوی ئه‌وه‌یه بكرێته هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ و هه‌ر یه‌ك له قه‌زای زوبێر و باكووری به‌سره‌ش بكرێنه پارێزگا له چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌رێمه نوێیه.
عه‌دنان جابری ڕوونی كردووه‌ته‌وه، هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندیی و سوپا (هێزی پێشمه‌رگه)ـی خۆیه‌تی و چه‌ندین ده‌روازه‌ی سنووری تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، به‌ڵام هه‌رێمی به‌سره ده‌كرێت به پێی ده‌ستوور جیاواز بێت و ده‌سه‌ڵاتێكی زۆر فراوانتری له ئێسته‌دا هه‌بێت.
جابری باسی له‌وه‌ش كردووه، هه‌ندێك له لایه‌نه سیاسییه‌كان به ئه‌نقه‌ست له په‌رله‌مان ده‌ده‌ن و ڕۆڵی له ده‌ركردنی یاساكان ناهێڵن و بڕیار و یاساكانی پێشووی بۆ نموونه به هه‌رێمكردنی به‌سره په‌كده‌خه‌ن.
جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و غازی په‌رله‌مانی عێراق یاسا هه‌یه به‌سره بكرێته پایته‌ختی ئابووریی عێراق، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عێراق خاوه‌ن سه‌روه‌ری و بڕیاری خۆی نییه، یاساكه تۆزی لێ نیشتووه و كاری پێ ناكرێت، نه‌بادا له‌گه‌ڵ ئه‌جێندای ده‌ره‌كی و سیاسه‌تی هه‌ندێك له وڵاتانی كه‌نداو یه‌ك نه‌گرێته‌وه.
عه‌دنان جابری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، حكوومه‌تی عێراق له ئاست بێكاری به‌سره بێباكه و ناتوانێت گرفته‌كانی پارێزگاكه چاره‌سه‌ر بكات، به‌تایبه‌تی به‌هۆی نه‌بوونی ئاوی پاك و خواردنه‌وه، كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری خه‌ریكه له‌ناو ده‌چێت و هه‌زاران كه‌س له سنووری ئه‌و پارێزگایه شوێنه‌كانیان چۆل كردووه. گوتیشی، كۆمپانیا نه‌وتییه بیانییه‌كان سووكایه‌تی به كارمه‌ند و كرێكاره عێراقییه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له سایه‌ی بێئاگایی و بێده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی عێراق و وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ.