مەسرور بارزانی جووتسایدی شێخان-لالش دەکاتەوە

ئەمڕۆ شەممە، 20 ئەیلوولی 2025، کاتژمێر 11:00، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتسایدی شێخان-لالش لە پارێزگەی دهۆک دەکاتەوە.
شەممە، 21-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەڕێوڕەسمێکدا، بەردی بناغەی جووتسایدی شێخان- لالش، لە سنووری پارێزگای دهۆک دانا.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاندبوو، بە تەواوبوونی هەردوو پرۆژەی ڕێگەی شێخان – لالش و هێتیت – باعەدرێ، کەرتی گواستنەوە و هاتوچۆ لە ناوچەکە بە باشی پێش دەکەوێت.
مەسرور بارزانی، باسی لەوەش کردبوو، تەواوبوونی جووتسایدی شێخان – لالش، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ سەردانیکەرانی لالش و هاتوچۆی هاووڵاتییانی دەڤەرەکە دەکات. باسی لەوەش کرد، دەڤەری شێخان لە ڕووی "ئابووری، کشتوکاڵ، گەشتیاری و شوێنەوارییەوە" زۆر گرنگە.
وەکوو ئەوەی سەرۆک وەزیران گوتی: دەڤەری شێخان "نموونەیەکی زۆر جوانی کەلتووری پێکەوەژیانە لە هەرێمی کوردستان. ئێمە بەم کەلتوورە و گیانی یەکترقبووڵکردن جوانین و سەرمان لە هەموو جیهان پێی بەرزە؛ بۆیە هەرچیمان پێ بکرێت بۆ خزمەتکردنی ئەم دەڤەرە، درێغی ناکەین".
سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردبووەوە "ئێمە خزمەتکاری خەڵکی خۆمانین. هیوادارم خوای گەورە پشتیوان بێت و لە هەموو بارودۆخێکدا، بەردەوام دەبین لە کاروانی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان سەرەڕای هەموو ئەو ئالنگاریی و ڕێگرییانەی لێمان کراون بۆ ئەوەی نەتوانین ئەجێندایی خزمەتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان جێ بەجێ بکەین، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە و بە پشتیوانیی گەلی خۆڕاگرمان، بەردەوام بووین و بەردوامیش دەبین".
هەروەها خالید نەرمۆ، سەرۆکی شارەوانی شێخان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ماوەی پرۆژەکە 400 ڕۆژبوو، بەر لە وادەی دیاریکراوی خۆی، تەواو کراوە، درێژی جووتسایدەکەش، هەشت کیلۆمەتر و 300 مەترە و پانییەکەشی 25 مەترە، بە 26 ملیار و 484 ملیۆن دینار جێبەجێکراوە.