پارێزگای دهۆک کەمترین ڕێژەی تاوانی تێدا تۆمارکراوە

پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان بە یەکێک لە ئارامترین پارێزگاکانی عێراق دادەنرێت و کەمترین ڕێژەی تاوانی تێدا تۆمارکراوە، ئەم دۆخە ئارامە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی دانیشتووان و چالاکییە بازرگانییەکان هەبووە.

دوکاندارانی بازاڕی دهۆک دەڵێن: بەهۆی بوونی ئاسایشی بەهێزەوە، دەتوانن دەرگای دوکانەکانیان بە پارچە پەڕۆیەک دابپۆشن و بەبێ هیچ ترسێک بەجێیان بهێڵن.

عوبەید شەعبان، یەکێک لەو دوکاندارانەیە کە بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە بەم شێوەیە دوکانەکەی دادەخات و بە کوردستان24ـی گوت: هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەبووە، ئەگەر ئاسایش نەبێت، کەلوپەلەکانمان جێناهێڵین، کاتێک ئاسایش هەبێت، ئێمە پارێزراوین و کەس ناوێرێت هیچ شتێک بکات، بەهۆی ئاسایشەوە."

گوتیشی: "ئەگەر ئاسایش هەبێت، یانی هەر کەسێک شتێک ببات، لەماوەی یەک کاتژمێردا دەگیرێت. ئەمە نیشانەی ئاسایشە."

سائر ئەحمەد، گەشتیارێکی عەرەبە و دەڵێت: "داخستنی ئەم دوکانانە بەم شێوەیە نیشانەی ئەوەیە کە ئاسایش و ئارامی سیاسی و ئابووری زۆر باشە. ئەمە شتێکی زۆر باشە، نەبینیومانە لە عێراق."

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق، دهۆک کەمترین ڕێژەی تاوانی تێدا تۆمارکراوە. ئەمەش بە پێچەوانەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقە کە ڕێژەی تاوانیان بەرزە و دۆخی ئاسایش ناسەقامگیرە.

لە شاری ناسرییە، کە دەکەوێتە باشووری عێراق، زیادبوونی تاوان کاریگەری خراپی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتییان داناوە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی ڕێژەی تاوان لەو ناوچانەدا بریتییە لە شەڕی نێوان هۆزەکان، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، و لاوازی هێزە ئەمنییەکان.

شێخ نەبیل ئیبراهیم دەهمش، سەرۆکی هۆزێکی ناسرییە، بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەم ڕووداوانەی کە ناوچەکانی باشوور پێیدا تێپەڕی، یەکێک لە قوربانییەکانی ئەو شەڕانە کوڕی من بوو. هەروەها زیاتر لە 30 کەس کوژران و بریندار بوون. بەڵام هەڵوێستێکی باشمان هەبوو بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین و گەورەتر نەبێت."
وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەموو شەش مانگ جارێک ڕاپۆرتێک دەربارەی ڕێژەی تاوان لە پارێزگاکانی عێراق بڵاودەکاتەوە و کار لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوان لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست دەکەن.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment