خانمێکی کورد ماڵێکی بۆ پاراستنی کلتووری کوردی دروستکردووە

زەهرا زەنگەنە، خانمە لێکۆڵەر و تۆمارکەری ئەرشیفی کەلەپوری کوردییە، لە هەولێر مۆزەخانەیەکی کلتووری دروستکردووە و دەڵێت: مۆزەخانەکە دەکەم بە ناوەندێکی وانە گوتنەوە و چالاکیی بۆ خزمەتکردنی کلتووری کوردی.
زەهرا زەنگەنە، لێکۆڵەر و تۆمارکەری ئەرشیفی کەلەپووری بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، لە منداڵییەوە خولیای کۆکردنەوەی کەلوپەلی مێژوویی و کۆن بووە، دەڵێت:کە منداڵ بووم، ماڵی باوکم وەک مۆزەخانە وابوو، پڕ لە کەلوپەلی مێژوویی پڕ بەها بوو، بۆیە منیش حەزم کرد کەلوپەلی زیاتری کۆبکەمەوە، باوکم بۆ ئەم کارە زۆر هانیدام ،نەنکم و خاڵەکانیشم زیاتر هیانیاندام کردم، بەڵام کە ماڵی باوکم خۆی وابوو، بۆمن باشتر بوو کەلوپەلی زیاتر کۆبکەمەوە و مۆزەخانەیەک دروست بکەم.
زەهرا زەنگەنە گوتی: بەلای منەوە ئەرشیف گرنگە، بۆیە پەرەی پێدەدەم، دەڵێت: کۆنە خانووێکم هەبوو، کردم بەو مۆزەخانە کلتوورییە، سەرباری ئەوەش ماڵەکەم کردووە بە شوێنی وانە گوتنەوە و چالاکیی بۆ خزمەتی کلتووری کوردی.
زەهرا زەنگەنە دەڵێت: هیچ کەسێک بۆ ئەو پرۆژەیە پشتیوانیی نەکردووم، هەمووی بە هەوڵی خۆم دروستم کردوون، زۆربەی کەلوپەلە مێژوویی و کۆنەکان هی ماڵی نەنکم بوون، دواتر هی ماڵی باوکم، مێژووی کەلوپەلەلەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەوی و قاجارییەکان، لە پێشینەش دەدەم بە کلتووری کوردی، کەلوپەلەکانم لە تەواوی عێراق کۆکردووەتەوە، مۆزەخانەکە پارچەی کۆنی زۆر بەنرخی تێدایە.
گوتی: دەمەوێت ماڵەکە بکەم بە ناوەندێکی پاراستنی بەڵگە و دیکۆمێنت، بەتایبەت بۆ بابەتە کلتوورییەکان کە ئەرشیفیان دەکەم، وەک ئاماژەی پێکرد، کلتوور ناسنامەیە، نیشتمانە، نەتەوەیە.