عەلی تەتەر: پرۆژەی جووتسایدی لالش-شێخان لە پیرۆزترین شوێنی ئایینی ئێزدییەکان جێبەجێکراوە

پارێزگاری دهۆک لە مەراسیمی کردنەوەی پرۆژەی جووتسایدی لالش-شیخان لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، جگەلەو پرۆژانەی جێبەجێکراون، چەندین پرۆژەی دیکە لەناوچەکە جێبەجێ دەکرێن.
شەممە 20ـی ئەیلوولی 2025، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە مەراسیمی کردنەوەی پرۆژەی جووتسایدی لالش-شیخان لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: پێش ساڵێک سەرۆکی حکوومەت بەردی بناغەی دانا و ئەمڕۆ پرۆژەکە دەکاتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، پار بەردی بناغە بۆ ژمارەیەک پرۆژە داندرا و پشکی شێر بەر شێخان کەوت کە نموونەیەکی جوانی پێکەوە ژیانە، ئەو شوێنە پیرۆزترین شوێنی ئایینی ئێزدییە، پرۆژەکە ڕێزگرتنە لە پێکەوە ژیانی کوردستان.
پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، کابینەی نۆیەم، سەرباری قەیران و ئالنگارییەکان، لە پرۆژەکانی ئاوەدانی بەردەوام بووە، گوتی: ئێمە هەزار و 342 پرۆژەمان لەماوەی پێنچ ساڵدا جێبەجێ کردووە، هەندێ لە پرۆژەکان چەند پرۆژەیەک لەخۆ دەگرن، 894 پرۆژە تاکو ئێستا تەواو بووە و کەوتووەتە خزمەتی هاووڵاتییان، 448 پرۆژەی دیکە کاریان تێدا بەردەوامە.
پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند: لە کابینەی نۆیەمدا، 517 کیلۆمەتر ڕێگاکانی دەرەوەی شار دروستکراون ، هاوکات ڕێگەی 228 گوند قیرتاوکراون کە دەکاتە 677 کیلۆمەتر، لەنێو شاریشدا، شەقامی 10 مەتری تاکو 60 مەتری بەدرێژی 550 کیلۆمەتر دروستکراون، بەمەش کۆی شەقامەکانی لەنێو شار و ڕێگەکانی دەرەوەی شار قیرتاوکراون گەیشتووەتە هەزار و 744 کیلۆمەتر.
عەلی تەتەر ڕایگەیاند: دوو مانگ بەر لە وادەی خۆی، کۆمپانیای نۆرسلایت پرۆژەی جووتسایدی لالش-شێخانی تەواوکرد و کۆڵان و ڕێگەناوخۆییەکانی چەند گوندێکی دەورووبەری پرۆژەکەشی قیرتاو کرد.
پارێزگاری دهۆک موژدەیەکی دیکەی دایە خەڵکی شێخان، کە پرۆژەی جووتسایدی پردی باعەدرێ بۆ دهۆک جێبەجێ دەکرێت، گوتی: ڕێگەیەک هەیە لەو ناوچەیە زۆر خراپە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بکرێتە دوو ساید و ڕێگەی خەڵک ئاسان بکرێت بۆ گەیشتن بە دهۆک.