ترەمپ ڕسوماتی هاوردەکردنی دەستی بیانی بۆ 100 هەزار دۆلار بەرزکردەوە

ئەمڕۆ 20ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بڕیاری بەرزکردنەوەی ڕسوماتی هاوردەکردنی دەستی کاری بیانی لە 1000 دۆلاەرەوە بەرزکردەوە بۆ 100 هەزار دۆلار.

هوارد لوتنيك، وەزیری بازرگانی ئەمەریکا ڕایگەیاند،" کۆمپانیاکان دەبێت ساڵابە بڕی 100 هەزار دۆلار بدەن بۆ هاوردەکردنی دەستی کاری بیانی، هیچی دیکە ناتوانن بە پارەی کەم مەشق بە کارمەندی بیانی بکەن"

وەزیری بازرگانی ئەمەریکا قسەکانی ڕووبەڕووی خاوەن کۆمپانیاکان کرد و گوتی "ئەگەر دەتانەوێت مەشق بە کەسێک بکەن، ئەوا پێویستە مەشق بە دەرچووانی زانکۆکانی ئەمەریکا بکەن و هاوردەکردنی دەستی کاری بیانی ڕابگرن."

لە بڕیارەکەدا باس لەوە کراوە، ڤیزای "ئیچ وەن بی" تایبەتکرابوو بە دەستی کاری بیانی خاوەن ئەزموون و کارامەیی بەرز، بەڵام بە شێوەیەکی خراپ بەکارهێندرا کاریگەرییەکەی بۆ سەر ئابووری ئەمەریکا نەرێنی بوو، بۆیە بەرزکردنەوەی بڕە پارەکە بۆ 100 هەزار دۆلار، وادەکات کۆمپانیا گەورەکان تەنیا کەسی خاوەن ئەزموون بهێنن.

ترەمپ بڕیاری کارتی زێڕینیشی دەرکرد کە بەرانبەر ملیۆنێک دۆلار مافی نیشتەجێبوون بە بیانیان دەدات لە ئەمەریکا و ڕاشیگەیاند، کە داهاتی ئەم بەرنامەیە بۆ دانەوەی قەرز و کەمکردنەوەی باج بەکاردێت.

کۆشکی سپی بڵاوی کردووەتەوە، ئەو کەسانەی ئارەزووی بەدەستهێنانی کارتی زێڕینیان هەیە پێویستە ملیۆنێک دۆلار بدەن بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، ئەگەر کۆمپانیایەک تێچووەکەی گرتبێتە ئەستۆی خۆی پێویستە دوو ملیۆن دۆلار بدات.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment