سەرۆکی حکوومەت: بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی پڕۆژەی بازرگانی و وەبەرهێنان

ئەمڕۆ شەممە، 20ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆگا و سەنتەری پشکنینی پێشوەختەی کۆمپانیای تۆیۆتا لە دهۆک؛ لە گوتارێکدا دووپاتی کردەوە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پاڵپشت بووە و بەردەوامیش دەبێت لە پاڵپشتی کردنی ئەم جۆرە پڕۆژە گەورانە، پڕۆژەی بازرگانی و وەبەرهێنان کە بێ گومان یارمەتیدەر دەبێ لە پێشخستنی ئابووری هەرێمی کوردستان و یارمەتیدانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە ئەوانیش بتوانن زیاتر فێری کارەکانی لەو جۆرە بن."
نوێ دەکرێتەوە..
دەقی گوتاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی:
زۆر زۆر سوپاس. بەناوی خوای گەورە و میهرەبان، بەڕێزان هەمووتان زۆر زۆر بەخێر بێن. بەخێرهاتنێکی تایبەتی باڵیۆزی یابان دەکەم بۆ کوردستان و لێرە بۆ شاری هەولێر. هەروەها سوپاسی ئامادەبوونی بەڕێز کۆنسوڵ و نوێنەرانی کۆمپانیای تۆیۆتا دەکەم لە عێراق و دەستخۆشییەکی گەرم لە کاک سەردار دەکەم و سەردار گرووپ بۆ ئەم کارە پیرۆزەی کە کردوویانە.
بەڕاستی جێی دڵخۆشییە کە دەبینین وڵاتێکی وەکو یابان متمانەیەکی ئەوتۆی بە هەرێمی کوردستان هەیە کە شارێکی کوردستان دەستنیشان دەکات بۆ ئەوەی لێرەوە هەموو ئۆتۆمبێلەکانی یابانی کە داخلی عێراق دەکرێن، لێرەوە بۆ شارەکانی تر هەناردە بکرێن. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پاڵپشت بووە و بەردەوامیش دەبێت لە پاڵپشتی کردنی ئەم جۆرە پڕۆژە گەورانە، پڕۆژەی بازرگانی و وەبەرهێنان کە بێ گومان یارمەتیدەر دەبێ لە پێشخستنی ئابووری هەرێمی کوردستان و یارمەتیدانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە ئەوانیش بتوانن زیاتر فێری کارەکانی لەو جۆرە بن.
دڵخۆش بووم کە بینیم بەشێک لە کارمەندەکان کە لێرە کار دەکەن خەڵکی ئێرەن و فێری کاری پیشەیی دەبن. نەک تەنیا ئۆتۆمبێلەکان لێرە داخل دەکرێن و هەناردە دەکرێن، بەڵکوو لێرە بە شێوەیەکی زۆر باش لە کۆنترۆڵی جۆری کە لێرە دەکرێ، بە ستانداردێکی یابانی، و بەشێک لە پارچەکانی ئەو ئۆتۆمبێلانەش لێرەوە دەبەسترێنەوە. ئەمە هەمووی دروستکردنی هەلی کارە، شارەزایی زیاتر دێنێتە نێو وڵات، خەڵکی ئێمە فێری کاری باشتری دەبن. و هیوادارم لەمەش زیاتر کاری پیشەیی دروست بکرێ، کاری لەم جۆرە، و ئەم کۆمپانیایەش بتوانێت کاری زۆر زۆر لەمە گەورەتریش ئینشائەڵڵا ئەنجام بدات. من جارێکی تر دەستخۆشیتان لێ دەکەم.
دڵنیا بن لەوەی کە حکوومەتی هەرێم پشتیوانتان دەبێت بۆ پاراستنی هەموو مافێکی بازرگان و وەبەرهێنەر. و لە هەمان کاتدا حکومەتی هەرێم وەکو هەمیشە پارێزەری مافی هاووڵاتیانیش دەبێت و ئەوەی ئەو پەیوەندییە تەندروستەی کە پێویستە لەنێوان بازرگان و هاووڵاتی دروست بکرێت، حکومەت یارمەتیدەر و پشتیوان بێت و ئاسانکاری پێویستیشی بۆ بکات. جارێکی تر دەستخۆشیتان لێ دەکەم. هەر سەرکەوتوو بن.