مەسرور بارزانی: هێزی ئێمە، لە باوەڕمان بە خوای گەورە و پشتیوانیی پێشمەرگە قارەمانەکان و خەڵکی خۆڕاگریی کوردستانە

ئەمڕۆ شەممە، 20ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پارکی سەرهڵدان لە شاری دهۆک، لە گوتارێکدا ڕایگەیاند "هێزی ئێمە، لە باوەڕمان بە خوای گەورە و پشتیوانیی پێشمەرگە قارەمانەکان و خەڵکی خۆڕاگری کوردستانە. من، بە گەرمی بەخێرهاتنی هەموو ئامادەبووە بەڕێزەکان دەکەم و زۆریش خۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرە، لەگەڵ ئێوە لەم بۆنەیەدا بەشدارم لە کردنەوەی پارکی سەرهڵدان دوای ساڵێک کە پێشتر بەردی بناغەی دانراوە. لە گەڕەکی بەڕۆشکێ، کە چەند ساڵێک لەمەوبەر من سەردانی ئێرەم کرد، لە ڕاستیدا هەستم دەکرد وەک پێویست کار و خزمەتگوزاری بۆ ئەم بەشەی شاری دهۆک ئەنجام نەدراوە."
دەقی گوتاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
هێزی ئێمە، لە باوەڕمان بە خوای گەورە و پشتیوانیی پێشمەرگە قارەمانەکان و خەڵکی خۆڕاگری کوردستانە.
من بە گەرمی بەخێرهاتنی هەموو ئامادەبووە بەڕێزەکان دەکەم و زۆریش خۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرە، لەگەڵ ئێوە لەم بۆنەیەدا، بەشدارم لە کردنەوەی پارکی سەرهڵدان دوای ساڵێک کە پێشتر بەردی بناغەی دانراوە. لەم گەڕەکی بەڕۆشکێ کە چەند ساڵێک لەمەوبەر من سەردانی ئێرەم کرد، لە ڕاستیدا هەستم دەکرد وەک پێویست کار و خزمەتگوزاری بۆ ئەم بەشەی شاری دهۆک ئەنجام نەدراوە.
ڕەنگە خەڵکی ئەم گەڕەکە لە ڕووی توانای ماددییەوە وەک پێویست دەوڵەمەند نەبن، بەڵام ئەوەی من بینیم و قسەم لەگەڵ کردن، لە ڕاستیدا بینیم کە خەڵکانێکی زۆر دەوڵەمەند دانیشتووی ئێرەن. دەوڵەمەند بە بیر و باوەڕی خۆیان، دەوڵەمەند بە نیشتمانپەروەری و خزمەتی خۆیان. ژمارەیەکی زۆر ماڵی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان لێرەن و شایەنی هەموو خزمەتگوزارییەکن کە بۆیان ئەنجام بدرێت.
بۆیە، کاتێک داوای کردنەوەی ئەم پارکە کرا، من بە دڵ و گیان حەزم کرد ئەم پارکە دروست بکرێت و جێگەی دەستخۆشییە کە کۆمپانیای جێبەجێکار لە ماوەی ساڵێکدا ئەم پارکەی دروست کرد و بە شێوەیەکی زۆر جوان ئەمڕۆ دەیبینین کە ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن لە خەڵکی دهۆک.
پێش ئێستا، ئێرە شوێنی پیشەوەران بوو، پیشەسازیی ئۆتۆمبێل، خەڵکێکی زۆر لێرە کاریان دەکرد، بەڵام شوێنی کارەکەیان گونجاو نەبوو، بۆ ئەو شەقامە شیاو نەبوو؛ بۆیە بڕیار درا کە شوێنێکی دیکەی پیشەسازی ئامادە بکرێت و خۆشبەختانە بێگومان ئەو پیشەوەرانە لە شوێنە نوێیەکەدا بەردەوامن لەسەر کاری خۆیان و ئەم پارکەش لێرە ئامادە کراوە بۆ خەڵکی ئەم گەڕەکە بەتایبەتی و شاری دهۆک بەگشتی، کە زۆر کاری خزمەتگوزاری تێدا ئامادە کراوە. لە ڕووی تەندروستییەوە، من باوەڕم وایە کە خەڵک سوودی لێ وەردەگرێت، لە ڕووی وەرزشییەوە شوێنی بۆ دیاری کراوە، تەنانەت بۆ منداڵانیش هەندێک شوێن دیاری کراوە بۆ ئەوەی ڕۆژ و کاتەکانی خۆیانی تێدا بەسەربەرن.
هیوادارم کاتێکی خۆش لەم پارکە و شوێنەکانی تردا بەسەربەرن و ئەمە یەکێکە لەو پرۆژانەی کە بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانیان، هەروەک پێش منیش ئاماژەی پێ کرا، لە ئالۆکا، پارکێکی دیکەش کاری بۆ دەکرێت و ئەو پارکەش تەواو بکرێت کە ئەویش دیسان دەکەوێتە خزمەتی خەڵکی دهۆکی ڕەنگینەوە.
جێی دڵخۆشییە کاتێک دەبینین پڕۆژەکان ئەنجامیان دەبێت و خەڵکی ئێمە سوودی لێ دەبینن. هیچ منەتێکی تێدا نییە، ئەمە ئەرکی ئێمەیە، پێویستە خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین و بێگومان خەڵکی ئێمەش پاڵەوانی ئەم گەلەن، خەڵکێکی خۆڕاگرن، لە بەرامبەر هەموو تەحەدا و ناخۆشییەکدا کە ڕووبەڕووی ئەم گەلە بووەتەوە، خۆیان ڕاگرتووە. بەردەوام بن لە خۆڕاگری و ڕۆژی خۆشترمان لە پێشە. ئینشائەڵڵا پرۆژەی زۆر باشتریش ئەنجام دەدرێت لە شاری دهۆک و لە هەموو شارەکانی دیکەی کوردستان و دەکەونە خزمەتی هاووڵاتیانەوە.
پێویستە ئاماژە بە بابەتێک بدەم. لەم دوو ڕۆژەدا کە من لێرەم، سەردانی هەندێک شوێنی دیکەشم کرد، چوومە لای سوارەتووکا و زاویتە و سەرسەنگ و ئامێدی و شێخان و شاریا و بەنداوی دهۆکیش. وڵاتی ئێمە وڵاتێکی زۆر خۆشە، شوێنی گەشتیاری خۆشی تێدایە. بەڵام خاڵێکیش هەیە کە پێویستە لەسەری بوەستین، ئەویش ژینگەپارێزییە. بەداخەوە من بینیم کە زبڵ و خاشاکێکی زۆر فڕێ دراوەتە سەر شەقامەکان، کە ئەمە لەگەڵ کولتووری ئێمەدا ناگونجێت.
هیوادارم خەڵکی کوردستان ژینگەی خۆیان بپارێزن، وڵاتی خۆیان بپارێزن. وڵاتی ئێمە ماڵی گەورەی ئێمەیە و پاراستنی ئەو وڵاتە ئەرکی هەموومانە. داواش دەکەم ئەو گەشتیارانەی کە سەردانی ئێرە دەکەن، ڕێنماییان بۆ دەربکرێت کە پێویستە کەشوهەوا و ژینگەی کوردستان بپارێزن.
داوا لە بەرپرسانی ناوخۆیی و ئیداری دەکەم، پێویستە بۆ هەر کەسێک کە ژینگەی کوردستان پیس دەکات، ڕێکاری بەرامبەر بگیرێتەبەر و سزا بدرێت، چونکە بەڕاستی جێی قبوڵ نییە ئەم وڵاتە پیرۆزە کە بست بە بستی خوێنی شەهیدان لەسەری ڕژاوە، بەم شێوەیە پیس بکرێت.
هیوادارم خوشک و برا خۆشەویستەکانم لە شاری دهۆک و لە هەموو کوردستاندا ژینگەی خۆیان بپارێزن، تا ئێمەش زیاتر بتوانین خزمەتیان بکەین، نەک هەر ئەم پارکە، بەڵکو چەندین پارکی دیکە و شوێنی گەشتیاری تر دروست بکەین و ئەو پرۆژانە جێبەجێ بکەین. جارێکی دیکە هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازم، هیوادارم کاتێکی خۆش بەسەر بەرن. پیرۆز بێت پارکی سەرهڵدان لە گەڕەکی بەڕۆشکی و لە هەموو خەڵکی دهۆک پیرۆز بێت، لە هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆز بێت. ئێوە شایەنی زۆر لەوە زیاترن و ئەگەر خوا یارمەتیدەر بێت، ئەوەی لە تواناماندا بێت، بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنتان. هەر ساغ و سەلامەت بن، کوردستان هەمیشە ئاوەدان بێت.