سەرۆکی حکوومەت: کوردستان ماڵی گەورەی ئێمەیە و پێویستە ژینگەکەی بپارێزین

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 20ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارکی (سەرهڵدان)ـی لە گەڕەکی بەرۆشکێی شاری دهۆک کردەوە لە گوتارێکدا سەرۆکی حکوومەت هیوای خواست کە خەڵکی کوردستان بە باشترین شێوە سوود لەو پرۆژانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرن.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی حکوومەت نیگەرانیی خۆی بۆ پیسکردنی ژینگە لەلایەن هەندێک خەڵک لە شوێنە گەشتیارییەکان دەربڕی و باسی لەوە کرد کە کوردستان ماڵی گەورەی هەمووانە و خاوەنی سروشتێکی جوان و شوێنی دڵگەشی گەشتیارییە، بۆیە پێویستە هەمووان ژینگەی کوردستان بپارێزن.

ئەمەش دەقی گوتارەکەیە:

بە ناوی خودای گەورە و دلۆڤان

هێزی ئێمە لە باوەڕیی ئێمەدایە بە خودای گەورە بۆ پشتیوانیکردنی پێشمەرگەی قارەمان و خەڵکی خۆڕاگری کوردستان
من بەخێرهاتنێکی گەرمی هەموو ئامادەبووانی هێژا دەکەم و زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە لێرە بەشدارم لە کردنەوەی پارکی (سەرهڵدان) کە پێش ساڵێک لێرە بەردی بناخەی داندراوە لە گەڕەکی بەرۆشکێ . پێش چەند ساڵێک هاتم و سەردانی ئێرەم کرد، بە حەقیقەت من هەستم بەوە کرد کە وەکوو پێویست کاری خزمەتگوزاری بۆ ئەم بەشەی شاری دهۆک نەکراوە، ڕەنگە خەڵکی ئەم گەڕەکە لە ڕووی توانای داراییەوە وەکوو پێویست دەوڵەمەند نەبن، بەڵام ئەوەی من بینیم و قسەم لەگەڵ کردوون، بە حەقیقەت بینیم کە خەڵکێکی زۆر دەوڵەمەند نیشتەجێی ئێرەن، دەوڵەمەند بە بیروباوەڕی خۆیان، دەوڵەمەند بە نیشتمانپەروەریی و خزمەتیی خۆیان. زۆر ماڵی شەهیدان و پێشمەرگەی قارەمان لێرەن کە شایانی ئەوەن هەموو خزمەتگوزارییەکیان بۆ ئەنجام بدرێت، بۆیە کاتێک داوای کردنەوەی ئەم پارکە کرا، ئێمە بە دڵ و گیان حەزمان کرد ئەم پارکەیان بۆ دروست بکرێت.

جێی دەستخۆشییە کە کۆمپانیای جێبەجێکار لە ماوەی ساڵێکدا ئەم پارکەی دروست کرد و بە شێوەیەکی زۆر جوان ئەمڕۆ ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن لە خەڵکی دهۆک.

پێش ئێستا ئێرە شوێنی پیشەوەران و پیشەسازیی ئۆتۆمبێل بوو و گەلێک خەڵک لێرە کاریان دەکرد، بەڵام جێی کاری ئەوان گونجاو نەبوو بۆ ئەو کارەی تێیدا دەکەن، بۆیە بڕیار درا شوێنێکی دیکەی پیشەسازی ئامادە بکرێ و بە خۆشحاڵییەوە، ئێستا ئەو پیشەوەرانە لە شوێنی نوێی خۆیان لە کارەکانیان بەردەوامن و ئەم پارکەش لێرە ئامادەکراوە بۆ خەڵک، بە تایبەتیش بۆ ئەم بەشەی شاری دهۆک کە گەلێک خزمەتگوزاریی لەم پارکەدا ئامادە کراوە، لە ڕووی تەندروستییەوە باوەڕم وایە کە خەڵکێک سوودی لێ دەبینن، لە ڕووی وەرزشییەوە شوێن دەستنیشان کراوە کە تەنانەت بۆ منداڵان شوێن ئامادە کراوە و دەتوانن کاتی خۆیان لێی بەسەر ببەن.

هیوای من ئەوەیە ئێوە کاتێکی خۆشتان لەم پارکە و شوێنی دیکە هەبێت، ئەمە یەکێکە لەو پرۆژانەی کە بەردەوامین لە ئەنجامدانیان، هەروەک پێشتریش من باسم کرد لە ئالووکا پارکێکی دیکەش کاری تێدا دەکرێت، دیسان ئەو پارکەش تەواو بکرێت و دەکەوێتە خزمەتی خەڵکی دهۆکی ڕەنگین.

جێی دڵخۆشییە کە ئێمە دەبینین ئەنجامی پرۆژەکان دەردەکەوێت و خەڵک سوودی لێ دەبینن، هیچ منەتێکی تێدا نییە، ئەمە ئەرکی ئێمەیە و پێویستە ئێمە خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین.

خەڵکی ئێمە و قارەمانانی ئەم میللەتە، خەڵکێکی خۆڕاگرن بەرامبەر ئەو هەموو ئاڵنگاری و ئەو هەموو نەهامەتییەی کە ڕووبەڕووی ئەم میللەتە بووەتەوە و بەردەوامبوون لە خۆڕاگری، بەڵام ڕۆژی خۆشترمان لەپێشە و ئینشائەڵا گەلێک پرۆژەی باشتریش ئەنجام دەدرێن لە شاری دهۆک و هەموو شارەکانی کوردستان و دەخرێنە خزمەتی هاووڵاتیان.

بابەتێک هەیە دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم، لەم دوو ڕۆژەدا کە لێرەم، من چووم سەردانی هەندێک جێی دیکەشم کرد، چوومە لای سوارەتووکا و زاویتە و سەرسنگ و ئامێدی و شێخان و شاریا و بەنداوی دهۆکیش، وڵاتی ئێمە وڵاتێکی زۆر خۆشە، جێی گەشتیاریی خۆشی تێدایە، بەڵام خاڵێکی جێی پێویستییە لەسەری ڕاوەستین، ئەویش ژینگەپارێزییە. بەداخەوە من بینیم زۆر پاشماوە و زبڵ لەسەر ڕۆخی شەقامەکان فڕێ دراون کە ئەمە لەگەڵ کولتووری ئێمە ناگونجێت، داواکارم خەڵکی کوردستان، ژینگەی خۆیان بپارێزن، وڵاتی خۆتان بپارێزن، وڵاتی ئێمە ماڵی گەورەی ئێمەیە و پاراستنی ئەو وڵاتە ئەرکی ئێمە هەمووانە. داوای من ئەوەیە ئەو گەشتیارانەش کە سەردانی ئێرە دەکەن، دیسان ڕێنماییان بۆ دەربکرێت کە پێویستە کەشوهەوا و ژینگەی کوردستان بپارێزن.، پێویستە بەرپرسانی پەیوەندیدار ڕێوشوێن و ڕێنمایی پێویست بۆ هەر کەسێک دەربکەن ژینگەی کوردستان پیس دەکات، پێویستە سزای بۆ دیاری بکەن، چونکە بەڕاستی جێی قەبووڵکردن نییە ئەم وڵاتە پیرۆزە کە بست بە بستی ئەم خاکەی خوێنی شەهیدانمانی لێ ڕژاوە، پیس بکرێت. داوای من ئەوەیە لە خوشک و برایانی خۆشەویست لە شاری دهۆک و لە هەموو کوردستان، ژینگەی خۆتان بپارێزن، تاوەکوو ئێمەش زیاتر بتوانین خزمەتی ئێوە بکەین، نەک هەر ئەم پارکە، بەڵکوو چەندین پارک و شوێنی دیکەی گەشتیاری ئاوا بکەین و ئەم پرۆژانە جێبەجێ بکەین.

جارێکی دیکە هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوە دەخوازم، هیوادارم کاتێکی خۆشتان هەبێت، پیرۆز بێت پارکی سەرهڵدان لە تاخی بەرۆشکێ و لە هەموو خەڵکی دهۆک و هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆز بێت، ئێوە شایانی زۆر زیاترن و ئەگەر خوا پشتیوان بێت،هەرچی پێمان بکرێت لە خزمەتکردنی ئێوەدا بەردەوام دەبین.
هەر ساخ و سەلامەت بن، کوردستانمان هەر ئاوەدان بێت.

 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment