عەلی تەتەر: پارکی سەرهڵدان دوو ساڵ و نیو زووتر لە کاتی خۆی کرایەوە

شەممە 20ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوەڕسمێکدا پارکی سەرهڵدانی لە دهۆک کردەوە، لە ڕێوەڕسمەکەدا، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا باسی لە کوالێتی پارکەکە و پرۆژەکانی کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دهۆک و پرۆژەکانی داهاتوو لەو پارێزگایە کرد.
لە میانی ڕێوڕەسمی کردنەوەی پارکی سەرهڵدان، عەلی تەتەر،جەختی لە پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پەرەپێدانی پارێزگاکە کردەوە. ئاماژەشی دا، ئەم پارکە پرۆژەیەکی گرنگە و ناوچەی پیشەسازیی پێشووی شارەکەی گۆڕیوە بۆ ڕووبەرێکی سەوزی گەشاوە بۆ دانیشتووان.
تەتەر گوتیشی: بەردی بناغەی پارکی سەرهەڵدان تەنیا ماوەیەکی کەم لەمەوبەر لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دانرابوو. پرۆژەکە کە ڕووبەرەکەی 122 هەزار مەتر چوارگۆشەیە و 75%ی بۆ سەوزایی تەرخانکراوە، لە ماوەی تەنیا یەک ساڵدا تەواو بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە سەرەتادا ماوەی سێ ساڵ و نیوی بۆ دانرابوو.
پارکی سەرهڵدان وەک ناوەندێکی سەرەکیی گەشتیاری و پشوودان بۆ شاری دهۆک خزمەت دەکات و چەندین چێشتخانە، کافتریا، فوارە، شانۆیەکی ڕۆمانی بۆ چالاکییە کولتوورییەکان، ناوچەی وەرزشی و یاریگای منداڵان لەخۆدەگرێت. پارێزگاری دهۆک ڕوونیشی کردەوە، ناوچە پیشەسازییە کۆنەکە بووەتە ناوچەیەکی نوێ و مۆدێرن، کە پرۆژەکە زیاتر لە 62 ملیۆن دۆلاری تێچووە، تاوەکوو ڕێگە بۆ ئەم دەستپێشخەرییە سەوزە خۆش بکرێت.
لە درێژەی وتارەکەیدا، پارێزگاری دهۆک پوختەیەکی لەسەر ئەو پرۆژە گەشەپێدانە بەرفراوانانە خستەڕوو کە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمدا لە دهۆک ئەنجام دراون. ڕایگەیاند کە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، تەنیا لەناو سەنتەری شاری دهۆک 452 پرۆژە تەواو کراون و زیاتر لە 480 پرۆژە لە کاری تێدا دەکرێت، 900 شەقام و کۆڵان دروستکراون، کە 300 دیکە ماون تەواو بکرێن. هاوکات، ئەم پرۆژانە قیرتاوکردنی 618,828 مەتر دووجا شەقام و کۆنکرێتکردنی زیاتر لە 211,311 مەتر دووجا کۆڵان کۆنکرێت کراون.
هەروەها تەتەر ئاماژەی بە زیادبوونی بەرچاوی ڕووبەری سەوزایی کرد، کە زیاتر لە ملیۆنێک و 624 هەزار مەتر دووجا ڕووبەری سەوز لە دهۆک هەیە. ڕایگەیاند دهۆک یەکێکە لە سەوزترین شارەکان، کە ئەمەش دەرەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی حکوومەتی هەرێم و گرنگیپێدانی تایبەتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییە.
سەبارەت بە پرۆژەکانی داهاتوو، پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بە چەندین پرۆژەی گرنگی دیکە کرد، لە وانە شەقامی دووسایدی شێخان-لالش کە ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لە ڕێوڕەسمێکدا دووسایدەکەی کردەوە، پلانی دروستکردنی شەقامی دووسایدی بەردەڕەش-دهۆک. هەروەها باسی لە "پرۆژەی ڕووناکی" کرد کە ئامانجی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ هەموو ناوچەکە، کە شاری دهۆک و دەوروبەری سوودمەندی سەرەکیی ئەم پرۆژەیە بوون.