ڕیفۆرمخوازان چاویان بڕیوەتە دیداری ترەمپ و پزیشکیان

مەسعود پزیشیکان، سەرۆک کۆماری ئێران، بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەچێتە نیویۆرک و گوتارێک پێشکەش دەکات؛ لە کاتێکدا تەنیا چەند ڕۆژێک بۆ کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان ماوە.

زۆریك لە چالاکوانە سیاسییەکانی سەر بەباڵی ڕیفۆرمخوازی ئێران، پێشیازی ئەوە دەکەن، پزیشکیان، پاش هەماهەنگی لەگەڵ عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە دەسەڵاتی تەواوەوە بچێتە نیویۆرک و بۆ دەربازبوون لە تەنگەژەی سیاسیی -ئابووریی ئێران، تەنانەت لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمەریکا گفتوگۆ بکات.

 غولامحوسێن کەرباسچی، خاوەنئیمتیازی ڕۆژنامەی 'هەممیهەن' دەڵێت: ئەگەر سەرۆک کۆمار بیەوێت گۆڕانێک لە گوزەرانی خەڵک و وڵاتەکەماندا وەدەست بهێنت، دەبێت بە دەسەڵاتی تەواوەوە بچێتە نیویۆرک و ئەوەی بۆی دەکرێت، لە پێناو گەڕاندنەوەی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی ئێران، جێبەجێی بکات و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەورووپیی و ئەمەریکییدا دیدار و گفتوگۆ بکات. ئەگەر نا، سەردانەکەی هیچ سوودێکی نابێت. 

گفتوگۆی نهێنی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکاندا 

سەعید شەریعەتی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی پارتی یەکێتیی گەل، دەڵێت: ئەم سەردانەی سەرۆک کۆمار، هەلێکی لەبارە بۆ ڕاگەیاندنی هەڵوێستی سیاسیی دەرەوەی ئێران، بەمەرجێک پشتیوانیی ڕێککەوتنی ناوخۆیی و یەکبڕیاریی سەرجەم هێز و لایەنەکانی هەبێت. 

شەریعەتی گوتیشی: سەرباری ئازایەتی و دڵسۆزی، بەبێ ڕێککەوتنی ناوخۆیی و پشتیوانیی ڕێبەریی، پزیشکیان ناتوانێت هیچ دەستکەوێکی دەرەکیی بە سوودی گەلەکەمان وەدەست بهێنێت.

کۆبوونەوەی  پزیشکیان و ترەمپ 

محەممەد عەتریانفەر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی کارگوزاران، دەڵێت: حکوومەتی پزیشکیان لەسەر بنەمای ئەوە دامەزراوە کە ڕێبەر چەقی دارشتنی بڕیار و سیاسەتی گشتیی وڵات بێت و حکوومەت بە گوێرەی ڕێنماییەکانی ئەو کارەکان بەڕێوە ببات؛ لەسەر ئەم بنەمایەش، ئەگەر بڕیارە سەرۆک کۆمار، خاڵێکی وەرچەرخان بۆ بەرژەوەندیی ئێمە لە ڕەوتی دانوستانەکان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا وەدەست بهێنێت، دەبێ پشتیوانیی ڕێبەری هەبێت، ئەودەم دەتوانێت تەنانەت لەگەڵ دۆناڵد ترەمپیشدا گفتوگۆ بکات؛ ئەمەریکییەکانیش دەزانن، گفتوگۆی نێوان پزیشکیان و ترەمپ بە پشتیوانیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامییە. دیارە گفتوگۆیەکەی لەو جۆرە لەوانەیە ببێتە هۆی کردنەوەی گرێکوێرەی قەیرانەکان.

پزیشکیان پێشنیازی ترەمپ قبووڵ بکات

ئەوەی جێگەی سەرنجە، عەلی موتەهەری، چالاکوانی باڵێ ئوسوڵگەراش لاریی لەوە نییە، پزیشکیان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە. موتەهەری لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی، دەربارەی سەردانەکەی سەرۆک کۆمار بۆ نیویۆرک، پێشنیاز دەکەم:
1- وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەمان، لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە دەربارەی دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران، گفتوگۆ بکات

2-سەرۆک کۆمار، لە وتارەکەیدا ڕاستیی هێرشی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، ڕوون بکاتەوە.
3- ئەگەر ترەمپ 'سەرەڕای دووڕوویی و ناڕاستی' داوای چاوپێکەوتنی پزیشکیانی کرد، با سەرۆک کۆمارەکەمان لەبەر بەرژەوەندیی گەلەکەمان قبووڵی بکات. کەسایەتیی خۆبەزلزانانەی ترەمپ کە دەیەوێت هەموو دەستکەوتێک بە ناوی خۆیەوە بێت، لەوانەیە بە سوودی ئێران بشکێتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment