شاندێک لە بەغداوە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان هاتووەتە هەولێر

شاندێکی تەکنیکی نەوتی باکوور لە هەولێرە و ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەکرێت.

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025، شاندێکی تەکنیکی کۆمپانیای "نەوتی باکوور" سەردانی شاری هەولێری کردووە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بە گوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24.

شاندەکە یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە. پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، شاندەکە نوێنەرایەتیی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکات و دەسەڵاتی تەواوی پێدراوە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.

بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە ئەو بڕە نەوتەی ڕادەستی کۆمپانیای "سۆمۆ" دەکرێت، لە ڕێگەی کۆمپانیای "نەوتی باکوور"ـەوە هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت، هەر بۆیە شاندە تەکنیکییەکەی کۆمپانیاکە لە هەولێرن بۆ تەواوکردنی کۆتا ڕێکارەکان.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە دوێنێ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025، ڕێککەوتنی سێقۆڵی لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت واژۆ بکرێت، بە مەبەستی هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.

بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات و 50 هەزار بەرمیل بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکار دەهێنێت.

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 وەستا، دوای بڕیارێکی دادگەیەکی ناوبژیوانی لە پاریس کە ڕایگەیاند تورکیا لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018 بەبێ ڕەزامەندیی حکوومەتی فیدراڵی عێراق، نەوتی هەرێمی کوردستانی هەناردە کردووە. 

دادگاکە بڕیاری دا تورکیا وەک قەرەبوو 1.5 ملیار دۆلار بدات بە بەغدا. هەرچەندە تورکیا تانەی لە بڕیارەکە داوە و هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت ڕاگەیاندووە.

عێراق لە ئێستادا دووەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە لە ڕێکخراوی ئۆپێک و ڕۆژانە 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە بەندەرەکانی باشوورەوە هەناردە دەکات.

 

 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment