ئێران و زلهێزەکانی ئەورووپا سەرقاڵی دانوستانی کۆتا خولەکن

ئێران و زلهێزەکانی ئەورووپا لە کۆتا خولەکی دانوستاندان بۆ ڕێگریکردن لە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ڕۆیتەرز لە زاری کاربەدەستانی ئێران و دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاواییەوە ڕایگەیاندووە، ئێران و زلهێزەکانی ئەورووپا سەرقاڵی دانوستانی کۆتا خولەکن لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئامانج لەم دانوستانانە ڕێگریکردنە لە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر تاراندا، بەڵام ئەگەری سەرکەوتنیان کەمە.

وەزیری دەرەوەی ئێران، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی خواستە ناوەکییە مشتومڕاوییەکانی ئێران لە کاتێکدا هەڕەشەکانی سزاکان لە ئارادایە.

بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا (یەکێتی ئەورووپا 3) لە 28ـی ئابدا پرۆسەیەکی 30 ڕۆژەیان دەستپێکرد بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا. ئەوان تارانیان تۆمەتبارکرد بە پابەند نەبوون بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015، کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی. تاران لە مێژە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتیانەیە.

بەرپرسێکی باڵای ئێران ڕایگەیاندووە، ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ بەرپرسانی سێ وڵاتی زلهێز (ترۆیکای یەکێتیی ئەورووپا)، یەکێتیی ئەورووپا و ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە پەیوەندیدایە. گوتی: بیرۆکەی جۆراوجۆر خراونەتەڕوو و گفتوگۆیان لەسەر کراوە و وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ لەگەڵ هاوتاکانی و کایا کاڵاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا کۆدەبێتەوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان.

دوو دیپلۆماتکاری ئەورووپی پشتڕاستیان کردەوە کۆبوونەوەکە ئەنجام دراوە و ڕایانگەیاند، ڕێبەرانی ئێران هێشتا ئەو مەرجانەیان بەدی نەهێناوە کە سێ وڵاتی ئەورووپی دایانناوە.

یەکێک لە دیپلۆماتکارەکان دەڵێت: "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە، ئەوە کاری خۆیانە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەنگاوی کۆنکرێتی خێرا بنێن بۆ ئەوەی سزاکان دووبارە نەسەپێندرێتەوە، ئەگەر نەیکەن ئەوا ئەو سزایانە دووبارە دەسەپێنرێنەوە."

دیپلۆماتکارێکی دیکەی ئەورووپی ڕایگەیاند، چانسی گەیشتن بە ڕێککەوتن کەمە. "کەمترین (لە ڕێوشوێنەکان) ئەوەیە ئێرانییەکان ڕاپۆرتێکی تایبەت پێشکەش بکەن و ڕێگە بە سەردانی ڕەمزی پشکنەران بدەن بۆ هەندێک شوێنی ئەتۆمی، بەڵام تەنانەت لەم حاڵەتەشدا ڕەنگە ئەمە قبوڵ نەکرێت و ئەمەریکاش پێدەچێت ڤیتۆی خۆی بەکاربهێنێت."

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، داوای لە زلهێزەکانی ئەورووپا کرد لە نێوان "هاوکاریی یان ڕووبەڕووبوونەوە"دا یەکێکیان هەڵبژێرن. "ئەوان چەندان جار ئێرانیان تاقیکردۆتەوە و بۆیان دەرکەوتووە، ئێمە وەڵامی زمانی زبر و هەڕەشە نادەین، هیوادارم لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چارەسەری دیپلۆماسی بدۆزینەوە، بەپێچەوانەوە تاران ڕێوشوێنی گونجاو بگرێتەبەر." عراقچی گوتیشی: "من لە نیویۆرکم بۆ ئەوەی سوود لەو ڕۆژانەی ماوە لە ڕاوێژکاری دیپلۆماسی وەربگرم کە ڕەنگە ببێتە هۆی چارەسەر. ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ڕێگاکەمان ئەگەر نەگەینە ئەم چارەسەرە."

لە هەوڵێکدا بۆ پێدانی دەرفەت بە دیپلۆماسی، سێ وڵاتی ئەورووپی پێشنیازیان کرد، دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بۆ ماوەی شەش مانگ دوابخەن ئەگەر ئێران ڕێگە بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بدات بچنە ناو شوێنە ئەتۆمییەکانی و چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی سەبارەت بە کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراو و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا. هەموو سزاکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران دەسەپێندرێتەوە ئەگەر لەگەڵ ترۆیکای ئەوروپیدا نەگەیشتە ڕێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی وادە تا 27ـی ئەیلوول.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment