ئەمەریکا گەشت و جووڵەی شاندی ئێرانی لە نیویۆرک سنووردار دەکات

واشنتن سنووردارکردنی توندی بەسەر شاندی ئێرانی بەشدار لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکدا سەپاندووە. بڕیاری سنووردارکردنە چاودێری جموجووڵی ئەندامانی شاندەکەی ئێران بۆ فرۆشگاکانی کۆفرۆش و گرانبەها لەخۆ دەگرێت.

تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئامانجی ئەم هەنگاوە "زیادکردنی گوشارەکانە" بۆ سەر دامەزراوەی ئایینی ئێران. ناوبراو تۆمەتباری کرد بەوەی کە ڕێگە بە بەرپرسان دەدات کەلوپەلی دەگمەن و گرانبەها لە دەرەوەی وڵات بکڕن لە کاتێکدا ئێرانییەکان بەدەست "هەژاری، داڕمانی ژێرخانی ئابووری، نەبوونی ئاو و کارەبا" گرفتارن.

پیگۆت ئاماژەی بەوەشکرد، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، فەرمانی بە شاندی ئێرانی داوە تەنیا بۆ کاروباری فەرمی گەشت لەنێوان هۆتێلەکەیان و بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن.

پیگۆت گوتی: "ئاسایشی ئەمەریکییەکان کاری هەرە لە پێشینەی ئێمەیە." ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا ڕێگە نادات ئێران کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەل بقۆزێتەوە بۆ جێبەجێکردنی مەرامەکانی.

گوتیشی: "ئەم کارانە پەیامێکی ڕوونن: ئەمەریکا لە پێناو لێپرسینەوە و داهاتوویەکی باشتردا لەگەڵ گەلی ئێران وەستاوە."

بەر لەم بڕیارە نوێیەی ئەمەریکا، شاندی ئێران ڕێگەیان پێدرابوو لە نێوان بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، نووسینگەی نوێنەرایەتی ئێران لەو ڕێکخراوە، لەگەڵ شوێنی نیشتەجێبوونی باڵیۆزی ئێران و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جۆن ئێف کێنێدی لە ناوچەی کوینز شاری نیویۆرک هاموشۆ بکەن؛ کە بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری مانهاتن.

سەرکردەکانی جیهان ساڵانە کە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوولدا چەند ڕۆژێک لە نیویۆرک کۆدەبنەوە بۆ وتاردان لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە 80مین دانیشتنی لە ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی ئەیلوولی 2025 دەستپێدەکات.

ئەمەریکا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی و ئیسرائیل تاران تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە بەدوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدایە، لە کاتێکدا تاران بەردەوام ڕەتیدەکاتەوە.

گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە پەرەی سەندووە، کاتێک ئەمەریکا لەگەڵ ئیسرائیل لە حوزەیرانی ئەمساڵدا لە میانی شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا، هێرشی کردە سەر سێ وێستگەی ئەتۆمی ئێران.

 
 
Fly Erbil Advertisment