دابەزینی بەهای تومەنی ئێرانی کاریگەری لەسەر بازرگانی هەرێم و ئێران دروست کردووە

بەهای تومەنی ئێرانی لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی سلێمانیدا بە بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو دابەزینێکی بەرچاوی تۆمار کردووە. ئەم ناجێگیرییەی بەهای تومەن بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەری، کە بەگوێرەی شارەزایان گرفتی گەورەی بۆ ئەو کەسانە دروست کردووە کە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا دەکەن.

تومەن، وەک دراوێک کە هیچ گەرەنتییەکی جێگیری نییە بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی، بەردەوام بەهای گۆڕانکاری بەسەردا دێت. دۆخی سیاسی و ناوخۆیی و دەرەوەی ئێران وایکردووە بەهای تومەن بەرامبەر بە دۆلار ڕۆژێک بەرز و ڕۆژێک نزم بێتەوە. بە بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو، تومەن لەسەدا سێی بەهاکەی لەدەست داوە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر تمەنی کاش بە ڕێژەی لەسەدا 75.

جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی سلێمانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "زیاتر بۆ مەبەستی حەواڵەیە خواست لەسەر تومەن هەیە، ئەویش بۆ پابەندی بازرگانییە. خۆتان دەزانن ئاڵوگۆڕی بازرگانی زۆر لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و عێراق هەیە، ئەمەش وایکردووە بە بەردەوامی خواست لەسەر تومەنی حەواڵە هەبێت. بەڵام ئەوەی تومەنی کاشە مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئێستا قەبارەی مامەڵەکان زۆر کەم بووەتەوە لە چاو ڕابردوودا، چونکە خەڵک تێگەیشتووە لەوەی کە ڕێژەی بەهای ئەم دراوە لە دابەزیندایە و لەوانەیە ڕووبەڕووی زیان ببنەوە."

ساڵانێک بوو کاڵای ئێرانی کێبڕکێی کاڵای سەرجەم وڵاتانی دیکەی دەکرد لەم بازاڕەدا، بەڵام ئەو ناجێگیرییەی بەهای تومەن کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی کاڵای ئێرانی هەبووە. بە جۆرێک کە ئێستا خواستی بازرگانان بۆ کاڵای ئەو وڵاتە لەسەدا 50 کەمیکردووە، ئەم دۆخەش وایکردووە بازرگانان لە زیاندا بن.

فەرەیدون عەلی، بازرگانێک، دەڵێت: "ئاستەنگەکان زۆرن، لەم حاڵەتدا ئیشکردن لەگەڵ ئێراندا زۆر قورسە. کات هەیە ئێمە پارە دەنێرین لە بەهای نۆ ملیۆنیدا یان 90 هەزار تومەن، کاتێک ئەو ماڵە دەگات، تومەن بووەتە سەروو 100 هەزار یان 10ملیۆن. سەیر دەکەی لەوەدا زەرەرمانە. جاری واش هەیە ماڵەکە دەکڕیت، دوای پارە دەنێری. هەر خۆشمان نازانین چەند ساڵە ئەم کێشەیەمان هەیە، پێشوەختە شت دەکڕین، پارە دەنێرین، تا ماڵەکە دەگات 10 تومەن یان 10هەزار تومەن زۆرە."

لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان شەش ملیار دۆلاری تێپەڕاند، بەڵام دوای جەنگی ئیسرائیل و ئێران و ناجێگیری بەهای تومەن، ئەو بڕە کەمیکردووە بۆ نزیکەی 5 ملیار دۆلار. لەماوەی ڕابردوودا زۆرینەی کاڵای نێو ئەم بازاڕە ئێرانی بوو، بەڵام ناجێگیری بەهای تومەن و ناسەقامگیری دۆخی سیاسی ئەو وڵاتە کاریگەری لەسەر هاوردەی کاڵاکانیان هەبووە و ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کەمتر کاڵای ئێرانی دەبینرێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment