کۆبوونەوەی ترەمپ و ناتانیاهۆ دەستی پێکرد

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد.
دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، لە کاتی پێشوازییەکەدا ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی غەززە بەم نزیکانە گەشبینم.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، کارۆڵاین لێڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیووز ڕایگەیاند، حەماس و ئیسرائیل زۆر نزیکن لە ڕێککەوتن لەبارەی ئاگربەستی غەززە، گوتیشی: دۆناڵد ترەمپ،لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، باس لەو 21 خاڵە دەکات کە پێشکەشی سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کردبوو.
هەروەها پێگەی هەواڵی سکای نیووزی عەرەبی لە زاری سەرچاوەیەک لە کۆشکی سپی بڵاوی کردووەتەوە، ترەمپ، بەر لە کۆبوونەوەکە لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر بە تەلەفۆن قسەی کردووە.
هاوکات سی ئێن ئێن ڕایگەیاندووە، ڕاوێژکارانی قەتەر بەر لە کۆبوونەوەکە چوونەتە کۆشکی سپی.
ڕۆژی سێشەممە 23ـی ئەیلوولی 2025، ترەمپ لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ سەرکردەکانی هەر یەکە لە تورکیا، میسر، پاکستان، قەتەر، ئیمارات، ئوردن و ئیندۆنیزیا کۆبووەوە، کە تایبەت بوو بە پرسی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەوە گوتی: "پلانێکمان بە ناوی 'پلانی 21 خاڵیی ترەمپ' بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و غەززە پێشکەشی ئەو وڵاتانە کردووە."