شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی گەیشتە بەغدا

شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی هەرێمیش ئەندامی شاندەکەیە، سبەی لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتمانیی فیدراڵ کۆدەبێتەوە.

بە پێی زانیارییەکانی کوردستان24، سبەی شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتمانیی فیدراڵ، تاوتوێی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو دەکات.

هاوکات کوردستان24 زانیویەتی، وەزارەتی پێشمەرگە و دەستەی خانەنشینی نیشتمانیی فیدراڵ، لە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو بۆچوونی جیاوازیان هەیە، چونکە وەزارەتی پێشمەرگە دەیەوێت ئەو ماددەیە لە یاساکە جێبەجێ بکرێت کە لە بەرژەوەندیی تەواوی هێزە کوردییەکە دایە.

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی چوارشەممە 10ـی ئەیلوولی 2025، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، وەزارەتی دارایی ڕاسپێردرا کە لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتیمانیی فیدراڵ، ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی باشترین بژاردەی یاسایی کە دابینکەری باشترین مووچەی خانەنشینی بێت بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.

هەروەها ئەنجوومەنەکە جەختی لەوە کردبووەوە،  کە پشتیوانی لە هەر ڕاسپاردە و بڕیارێک دەکات لە بەرژەوەنديی هێزەکانی پێشمەرگە بێت، بە ئاراستەی باشترکردنی مووچەی خانەنشینی و شایستە داراییەکانیان.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment