"تۆ بڵێی عێراقییه‌كانی میشیگان، تره‌مپ بخه‌ن!"
باوك و كچێك گفتوگۆیه‌كی توند له‌نێوانیاندا دروست ده‌بێت.
K24 - مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
وه‌رده سڵێوه (54 ساڵ) كه یه‌كێكه له‌وانه‌ی سه‌رسامه به دۆناڵد تره‌مپ له نێو چێشتخانه‌ی ماڵه‌وه و به‌ده‌م نانخواردنه‌وه سه‌یری كوردستان 24 ده‌كه‌ن و به كچه‌كه‌ی (ئاشوورینا سڵێوه - 24 ساڵ) ده‌ڵێت: "سه‌رۆك به‌سوود و به‌خشنده‌یه بۆ مه‌سیحی و ئابوری ئه‌مه‌ریكا".
به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا ئاشوورینا وه‌ڵامی باوكی دایه‌وه وتی: "سه‌رۆكه‌كه‌ت ره‌گه‌زپه‌رسته".
به‌شێوه‌یه‌ك گفتوگۆكه له‌به‌رده‌می ئێمه‌دا توند بوو كه خوشكه‌كه‌ی ئاشوورینا كه‌وته نێوانیان و وتی: "باوكه بڕۆ ده‌ره‌وه تا ئاشوورینا كه‌مێك سارد ده‌بێته‌وه".
خێزانه‌كه‌ی سڵێوه ماوه‌ی 12 ساڵه له باكووری خۆرهه‌ڵاتی دیترۆیت له ویلایه‌تی میشیگان وه‌ك ئه‌و ده‌یان هه‌زار عێراقییه‌ی ئه‌و ویلایه‌ته ده‌ژین. كه زۆرترین عێراقی په‌نابه‌ر له ئه‌مه‌ریكا له میشیگانن.
وه‌رده سڵێوه داوای لێبوردنی له ئاشوورینا كرد و چووه به‌رده‌م ته‌له‌فیزیۆنه‌كه و له‌سه‌ر كه‌ناڵی ئێن بی سی نیوز گیرسایه‌وه.
دابه‌شبوونێكی سه‌یر له‌نێو عیراقییه‌كانی میشیگان دروستبووه بۆ ده‌نگدانی 2020 به‌شێكیان باوه‌ڕی ته‌واویان به تره‌مپ هه‌یه كه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له خۆرهه‌ڵات و عیراق كه‌مده‌كاته‌وه. به‌شێكیشیان باوه‌ڕیان به‌وه‌یه كه بایدن ده‌توانێت ده‌رگایه‌كی باشتر بۆ هاتنی په‌نابه‌ر بكاته‌وه له به‌رده‌م عێراقییه‌كان تا وه‌ك ساڵانی 2008 – 2014 بگه‌نه ئه‌مه‌ریكا.
هه‌رچه‌نده وه‌رده سڵێوه سه‌رقاڵ بوو به‌سه‌یری هه‌واڵه‌كانی ئێن بی سی نیوز، به‌ڵام ئاشوورینا كه پشتی له‌باوكی بوو، به باوكی وت: "من ناتوانم سه‌یری تۆ بكه‌م كاتێك ده‌ڵێیت پلانی ئابووری له‌سه‌روو هه‌موو شتێكه‌وه‌یه. سه‌یره ئینسان بیركردنه‌وه‌ی وا بێت".
له ئێستا میشیگان به پێی دواهه‌مین راپرسی 13ی ئۆكتۆبه‌ر، بایدن له پێش دۆناڵد تره‌مپ-ه‌وه‌یه، هه‌رچه‌نده ئه‌مه پێوانه نییه، چونكه ساڵی 2016 به‌پێی راپرسی پێشوه‌ختی هه‌رڵبژاردن هیلاری له پێشه‌وه بوو كه‌چی له هه‌ڵبژاردن تره‌مپ ده‌رچوو.
میشیگان یه‌كێكه له‌و شه‌ش ویلایه‌ته‌ی كه بۆ تره‌مپ و بایدن گرنگن و خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ن ئه‌و ویلایه‌تانه‌ش (ویسكۆنسن، په‌نسلڤانیا، میشیگان، نۆرس كارۆلاینا، ئه‌ریزۆنا و فلۆریدا). هه‌رچه‌نده له ویلایه‌ته‌كانی فلۆریدا و نیڤادا و مینیسۆتا رێژه‌ی ده‌نگده‌ری په‌نابه‌ر به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادیكردووه، به‌ڵام زۆرترین ژماره‌ی ده‌نگده‌ری عێراقی كه كریستیان و موسڵمان و ئاشووری و كوردیشی تێدایه له‌ویلایه‌تی میشیگان-ه كه 200 هه‌زار و 600 ده‌نگده‌ره. له‌كاتێكدا ساڵی 2016 دۆناڵد تره‌مپ به 10 هه‌زار و 700 ده‌نگ له پێش هیلاری كلینتۆنه‌وه بوو له میشیگان.
كه‌واته چاودێرانی سیاسی پێیانوایه ئه‌گه‌ر عێراقییه‌كانی میشیگان 80%یان ده‌نگ بده‌ن به بایدن ئه‌وا میشیگان بۆ دیموكراته‌كان یه‌كلاده‌بێته‌وه.
ره‌نگه ده‌رچوونی ره‌شیده تڵه‌یب-ی دیموكراته‌كان له میشیگان كه به‌ڕه‌گه‌ز فه‌له‌ستینییه له ساڵی 2018 بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر كێبڕكێكاره كۆمارییه‌كه‌یدا باشترین به‌ڵگه‌ی سه‌ركه‌وتنی بایدن بێت له میشیگان.
ژماره‌ی نوێنه‌ری میشیگان بۆ كۆمه‌ڵه‌ی هه‌ڵبژێردراو (Electoral College) 16 نوێنه‌ره به‌شێوه‌یه‌ك به‌هه‌ر چوار ویلایه‌تی (نۆرس داكۆتاو ساوس داكۆتا و مۆنتانا و ئیداهۆ و وایۆمین) 16 نوێنه‌ریان هه‌یه و به‌درێژای مێژوو ده‌نگی ئه‌م 5 ویلایه‌ته بۆ كۆمارییه‌كان بووه.
جه‌ستن پێترسن مامۆستای وتاری سیاسی له كۆلیژی ته‌كنیكی زانكۆی مینیسۆتا ده‌ڵێت: "میشیگان بۆ دیموكراته‌كان ئاسانه، چونكه له هه‌ڵبژاردنی 1992، 1996، 2000، 2004، 2008، 2012و 2016، ته‌نیا 2016 كۆمارییه‌كان براوه بوون. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی 2020 بۆ كۆمارییه‌كان گرنگه له‌گه‌ڵ بردنه‌وه‌ی میشیگان، ویلایه‌تی فلۆریدایه كه خاوه‌نی 29 نوێنه‌ره بۆ كۆمه‌ڵه‌ی هه‌ڵبژێردراو و ژماره‌ی نوێنه‌ره‌كانی به‌قه‌د 7 ویلایه‌تی به‌شی باكووری ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت".
وتیشی: "هه‌رچه‌نده بردنه‌وه‌ی دیموكراته‌كان له فلۆریدا زه‌حمه‌ته چونكه له 1960 و تا ساڵی 2016 له 15 خولی هه‌ڵبژاردن ته‌نیا 5 جار دیموكراته‌كان براوه بوون".
له سه‌ر ئاستی گشتی نیشتمانی 1.5% رێژه‌ی ده‌نگده‌ری په‌نابه‌ر زیادیكردووه كه 2 ملیۆن و 400 هه‌زار-ی له فلۆریدایه.
به‌پێی دامه‌زراوه‌ی نیو ئه‌مه‌ریكان ئیكۆنۆمی، له 11 ملیۆن و 800 هه‌زار كه تائێستا له ده‌نگدانی پێشوه‌خت ده‌نگیانداوه، 1 ملیۆن و 600 هه‌زاری له فلۆریدا بووه.
هه‌روه‌ها به‌پێی سه‌نته‌ری پیو، له‌نێوان 2016 بۆ 2020 ، 15 میلۆن ده‌نگده‌ر زیادیكردووه.
3ی نۆڤێمبه‌ر (كه ده‌نگدانی گشتییه) هه‌ر ویلایه‌تێك نوێنه‌ری خۆی بۆ كۆمه‌ڵه‌ی هه‌ڵبژێردراو هه‌ڵده‌بژێرێت كه نوێنه‌ری هه‌ردوو كاندیدی كۆماری و دیموكراته‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تی (تره‌مپ و بایدن). به‌مه‌ش كۆمه‌ڵه‌ی هه‌ڵبژێردراو له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت كه ژماره‌یان 538 ئه‌ندامه كه هه‌ركاندیدێكی سه‌رۆكایه‌تی پێویستی به نیوه زیاتری ئه‌و ژماره‌یه هه‌یه.