سێ پارک لە سۆران دروست دەکرێن

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، بەڕێژەی سەدا 15ـی داهاتی سەرۆکایەتی شارەوانی سۆران، سێ پارک و سیستەمێکی ئاودێری لە شاری سۆران دروست دەکرێن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، بڕی 275،330،250 دینار بۆ دروستكردنی سێ پارك و سیستەمێكی ئاودێری لە سۆران خەرج دەكرێت، ئاماژە بەوەشکراوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر ڕێژەی 15%ـی داهاتی سەرۆكایەتی شارەوانی سۆران، ڕەزامەندیی لەسەر خەرجكردنی چوار گوژمەی جیا دراوە کە هەر چواریان دەكاتە بڕی (275،330،250)دینار، بۆ دروستكردنی سێ پارك و سیستەمێكی ئاودێری لە شاری سۆران.
وەک وەزارەتی شارەوانی ڕایگەیاندووە، بڕی (75،586،750)دینار، بۆ دروستكردنی پاركێك لە گەڕەكی كۆڕەك، هەروەها (82،758،500)دینار، بۆ دروستكردنی پاركێك لە گەڕەكی سەروچاوە، (76،718،000)دینار، بۆ دروستكردنی پاركێك لە گەڕەكی قەندیل، (40،267،000)دینار، بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی دانانی سیستەمی ئاودێری بۆ چەند شوێنێكی سەنتەری شاری سۆران، خەرج کراوە و دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەکان دەکرێت.
جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانە لە کاتێکدایە، فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 3ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ژمارەیەک پرۆژەی تایبەت بە کەرتی گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێن، گرنگترینیان ماستەر پلانی گەشتیارییە لە گەلی عەلی بەگ و هاوینەهەواری بێخاڵ لەگەڵ چیای بابپشتیان.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران ئەوەی ڕاگەیاندبوو، کارکردن لە کوڕنیشی کاولۆکان یەکێکە لە کارەکانی تایبەت بە کەرتی گەشتیاری، بەڵام ئەم پرۆژەیە لە قۆناغی سەرەتا دایە و کارکردنی تێدا ماوە، بە تەواوبوونی ژمارەی سەردانیکردنی گەشتیاران بۆ ناوچەکە زۆیاتر دەبێت.