هاتوچۆی هەولێر هیچ هاووڵاتییەک ناچار ناکرێت تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی بگۆڕێت

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2025، عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە گوایە هاووڵاتییان ناچار دەکرێن تابلۆ کۆنەکانی ئۆتۆمبێلەکانیان بگۆڕن بە تابلۆی نوێ، ئەگەرنا سزا دەدرێن.
گوتەبێژی هاتوچۆ جەختی کردەوە، ئەم هەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە کە نیگەرانیی لای هاووڵاتییان دروست کردووە.
ڕوونیشیکردەوە، هیچ کەسێک ناچار ناکرێت تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی بگۆڕێت تا ئەو کاتەی ساڵانەکەی (ڕەقەم) بەسەردەچێت و لە کاتی نوێکردنەوەی ساڵانەکەیدا، تابلۆکەشی بۆ دەگۆڕدرێت.
هێمن ئەمین، ڕاشیگەیاند، تەنیا لە حاڵەتێکدا هاووڵاتی دەتوانێت پێش کاتی خۆی تابلۆکەی بگۆڕێت، ئەویش ئەگەر بە ئارەزووی خۆی بیەوێت یان تابلۆکەی شکا بێت.