وەزارەتی کشتوکاڵ: دەستکراوە بە دابەشکردنی نزیکەی چوار هەزار تۆن بنەتۆو بەسەر جووتیارندا

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ پاڵپشتیکردنی زیاتری جووتیاران، نزیکەی چوار هەزار تۆن بنەتۆوی لە جووتیارانی هەرێم وەرگرتووەتەوە و ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی پرۆسەی دابەشکردنیەتی بە نرخێکی پاڵپشتیکراو.
پشتیوان حەمە عەلی، بەرپرسی وەبەرهێنان و دابەشکردنی بنەتۆ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند "پێش وەرگرتنی بنەتۆوەکان، پشکنینی کێڵگەیی ورد بۆ کێڵگەکانی جووتیاران کراوە. ئەم پشکنینانە بە مەبەستی دەستنیشانکردنی باشترین بنەتۆ و کێڵگە ئەنجامدراون. ئەو کێڵگانەی کە سەرکەوتوو بوون لە پشکنینەکاندا، بنەتۆوەکانیان لێ وەرگیراوەتەوە و بڕوانامەی تایبەتیان پێدراوە، هەروەها بەرهەمەکانیان بە نرخێکی پاڵپشتیکەر کڕدراوەتەوە."
پشتیوان حەمە عەلی باسی لەوەش کرد، ئەم پرۆسەیە بە هاوکاری و سەرپەرشتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بە هەماهەنگی لەگەڵ گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان ئەنجامدراوە، کە گرێبەستێکی یاساییان لەگەڵ وەزارەتەکەدا هەیە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش دا، دوای پاککردنەوە و لە کیسکردنی بەرهەمەکە، ئێستا بنەتۆوەکان بە تەواوی ئامادەن و وەک بنەتۆوێکی پەسەندکراو بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێن. ئەمڕۆ یەکشەممە، 05ـی تشرینی یەکەمی 2025، یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی پرۆسەی فرۆشتنی ئەم بنەتۆوانەیە بەسەر جووتیاراندا، بە نرخێکی پاڵپشتیکراو.
ناوبراو ڕوونیشیکردەوە، کۆی ئەو بنەتۆوانەی لە جووتیاران وەرگیراونەتەوە نزیکەی 4 هەزار تۆنە. دابەشکردنی ئەم بڕە بنەتۆیە بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو دەبێت کە بەسەر زۆربەی بەشە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای سلێمانیدا دابەشکراوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەشە کشتوکاڵی لەسەر بنەمای ئەو ڕێژە دیاریکراوە لیستی ناوی جووتیاران دەنێرن و بڕی بنەتۆی پێویست بەسەر جووتیارە شایستەکاندا دابەش دەکرێت.