هۆشداریی لە پیسبوونی ئاو و هەوای تاران درا

کۆمپانیای کۆنترۆڵی جۆرییەتی هەوای تاران هۆشداریی لە پیسبوونی ئاو و هەوای شارەکە ڕایگەیاند و ئاماژەی داوە، پیسبوونی هەوای تاران گەیشتووەتە دۆخی پرتەقاڵی، داوا دەکات کەسانی نەخۆش و بەساڵاچووەکان لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.
سێشەممە، 7ـی تشرینی یەکەم 2025، کۆمپانیای کۆنترۆڵی جۆرییەتی ئاو و هەوای تاران هۆشدارییەکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی داوە، پێوانەیەکی بەرزی پیسبوونی هەوای شارەکەیان تۆمارکردووە و هەربۆیە دۆخەکەیان بە ڕەنگی پرتەقاڵی دیاری کردووە و داواش لە کەسانی نەخۆش و بەساڵداچوو دەکات، بە تایبەت ئەوانەی تووشبووی نەخۆشییەکانی دڵ و تەنگەنەفەسین لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، بۆ ئەوەی تووشی حاڵەتی نەخوازراو نەبن.
تاران، بە هۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و زۆریی ژمارەی دانیشتووان و ئۆتۆمبیل، بوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کارگە و کۆمپانیای پیشەسازی، بە درێژایی ساڵ، بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا، هەوای شارەکە پیس و دووکەڵاوییە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران، هەوای پیسی تاران، ڕیژەی تووشبوونی بە نەخۆشییەکانی شیرپەنجە و تەنگەنەفەسی هەستیاری، بە ڕێژەیەکی مەترسیدار زیاد کردووە.