لێکۆڵینەوەیەکی ئەمەریکی: بنچینەیەکی دەماری لە مێشک، لەپشت جیاوازیی لایەنگیری حیزبییەوەیە
چوار زانکۆی بەنێوبانگی ئەمەریکی لێکۆڵینەوەکەیان کردووە

K24 - هەولێر
زۆربەی خەڵک باوەڕیان وایە وەڵامدانەوەی لیبراڵەکان و موحافیزکارەکان بۆ دەستەواژە سیاسییە جیاوازەکان، لەسەر بنەمای بۆچوونەکانیان دیاریدەکرێت، بەڵام ئایا پەیڕەوانی ئەو دوو رەوتە، جیاوازن بەهۆی ئەوەی مێشکیان جیاواز کاردەکات؟ ئەمە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا ئاشکرا کراوە!
رەنگە تائێستا بەمێشکتدا نەهاتبێت، مەیل بۆ جۆرە سیاسەت و حیزبێک لە دژی حیزبێکی دیکە، پەیوەندیی بە هۆکاری دەماری و شێوازی کارکردنی مێشکەوە هەیە.
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن هەر چوار زانکۆی ئەمەریکی: کالیفۆرنیا، یو ئێس بێرکلی، ستانفۆرد و جۆنز هۆپکنز کراوە، دەریخستووە وەڵامدانەوەی لیبراڵ و موحافیزکارەکان بۆ هەر بابەتێک پەیوەندی بە جیاوازیی وەڵامدانەوەی مێشکەوە هەیە بۆ وشە و دەستەواژە بەکارهاتووەکان لەنێو پەیامە سیاسییەکاندا.
ماڵپەڕی دەیلی سایەنس راپۆرتێکی لەبارەی لێکۆڵینەوەکە بڵاوکردووەتەوە، تێیدا شانگ لیونگ، لێکۆڵەر لە زانستی کۆمەڵەی دەمارەکان لە زانکۆی یوو ئێس بێرکلی و بەرپرسی لێکۆڵینەوەکە دەڵێ "بنچینەیەکی دەماری لەپشت بۆچوونی حیزبی و لایەنگرییەوەیە".
روونیشی کردووەتەوە جیاوازی زۆر لە چالاکی دەماری روودەدات کاتێک خەڵک گوێ لەو پەیامانە دەگرن کە وشەکانیان پەیوەندییان بە ئایین، رەوشت، هەست و سۆز و هەڕەشەوە هەیە.
لیونگ پێیوایە؛ بەکارهێنانی هەڕەشە، رەوشت و هەست و سۆز وادەکەن، خاوەنی بیروڕا سیاسییە جیاوازەکان، بەجیاوازی هەمان پەیامی سیاسی لە مێشکیاندا لێکبدەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی زیاتر.
لێکۆڵینەوەکە کە لە بنەڕەتدا لە ماڵپەڕی زانستە نیشتمانییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (PNAS) بڵاوکراوەتەوە. تێیدا رەنینی موگناتیسی بۆ 38 پیاو و ژن کراوە، کە هەمان باکگراوندی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان هەبووە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە بەشێکیان لیبراڵ و ئەوانەی دیکە موحافیز بوون.
پشکنینەکە کاتێک کراوە، کە ئەو 38 کەسە سەیری هەمان پارچە ڤیدیۆیان کردووە سەبارەت بە سیاسەتی کۆچبەری لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کە ئەمەش بابەتێکی مشتومڕئامێزە لەو وڵاتە.
لە ڤیدیۆکەدا باس لە دروستکردنی دیوار لەسەر سنووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پاراستنی کۆچبەرانی نایاسایی بێچەک، هەروەها رێگەگرتن لە پێشوازیکردن لە کۆچبەرانی ئەو وڵاتانەی زۆربەیان موسڵمانن کراوە، لەکاتی سەیرکردنی ڤیدیۆکەشدا بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە پێویست بووە روونی بکەنەوە تاچەند لەگەڵ پەیامەکانی نێو ڤیدیۆکە هاوڕابوون.
لێکۆڵەرەکان دەڵێن، چەند هۆکارێک لەوانە، شارەزایی کەسی و زۆری سەیرکردنی ئامرازەکانی راگەیاند، دەبنە هۆی دروستکردنی ئەوەی لە لێکۆڵینەوەکەدا بە ناوی "دوورکەوتنەوەی دەماری" ئاماژەی بۆ کراوە.
جەمیل زەکی، پرۆفیسۆری زانستە دەروونییەکان لە زانکۆی ستانفۆرد دەڵێ "ئەم جیاوازییە لە وەڵامدانەوەی بەشداربووان ئەوە ناگەیەنێت خەڵک دروستکراون بۆ ئەوەی دژی یەکتر بن، بەڵام شارەزایی کەسی و سەیرکردنی ئامرازەکانی راگەیاندن ئەو لایەنگیرییە دەمارییە دروست دەکات".
لێکۆڵەرانی لێکۆڵینەوەکە تێبینی ئەوەیان کردووە بەشداربووان زۆربەیان هەمان وەڵامدانەوەیان بۆ کاریگەرییە دەنگی و وێنەکانی ڤیدیۆکە هەیە، هەرچەندە بۆچوونی سیاسیشیان جیاواز بێت، بەڵام کاتێک کار دەگاتە ئەو ناوچەیەی مێشک کە بەرپرسە لە روونکردنەوەی واتاکەی، جیاوازیی لێکدانەوەکە بەهۆی جیاوازیی لایەنگیری حیزبی، دەرکەوتوون.
هـ.ر.