ئێران ئیدانەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل دەکات

تاران ئیدانەی هەڕەشە دروستکراوەکانی ئیسرائیلی کرد سەبارەت بە توانا سەربازییەکانی ئێران، ئەمەش لە وەڵامی لێدوانەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا هات کە وتبووی تاران مووشەک پەرەپێدەدات کە دەتوانێت بگاتە شارەکانی ئەمەریکا.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، ئەو لێدوانانەی بە توندی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند: "ئیسرائیل هەوڵ دەدات توانا بەرگرییەکانی ئێران وەک هەڕەشەیەک نیشان بدات." عراقچی نووسیویەتی: "ئیسرائیل ئێستا هەوڵدەدات هێزی بەرگرییمان بکاتە هەڕەشەیەکی خەیاڵی."
دوێنێ سێشەممە، 7ـی ئۆکتۆبەری 2025، لە لێدوانێکدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، مووشەکە بەرهەمهێنراوەکانی ئێران "لە داهاتوودا دەتوانن بگەنە ئەمەریکا" و جەختی کردەوە "لە ڕاستیدا ئیسرائیل ئەمەریکا دەپارێزێت."
ئاشکراشی کرد، "ئێران خەریکی پەرەپێدانی مووشەکێکە بە مەودای هەشت هەزار کیلۆمەتر و بە سێ هەزار کیلۆمەتری دیکە، دەتوانێت نیویۆرک، واشنتن، بۆستن، مایامی و تەنانەت مارالاگۆ، 'شوێنی نیشتەجێبوونی ترەمپ لە فلۆریدا'، بکاتە ئامانجی ئەتۆمی، بەڵام ئیسرائیل ڕێگری لەوە کرد." گوتیشی: ئێران ئەو لایەنەیە هەوڵی پەرەپێدانی مووشەکی کیشوەر بڕی داوە بۆ ئەوەی 'هەڕەشە لە شارەکانی ئەمەریکا بکات'.
ئێران خاوەنی جبەخانەیەکی گەورەی مووشەکی بالیستی بەرهەمی ناوخۆیە. لەنێویاندا مووشەکی شەهاب-3 کە مەوداکەی دەگاتە نزیکەی دوو هەزار کیلۆمەتر و توانای گەیشتن بە ئیسرائیلی هەیە. بەرپرسانی ئێران پێشتر جەختیان کردووەتەوە مەودای مووشەکەکانیان بۆ دوو هەزار کیلۆمەتر سنووردار کردووە، بەڵام هۆشداریشیان داوە کە دەتوانن ئەو مەودایە زیاد بکەن ئەگەر پێویست بکات.
لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، ئیسرائیل هێرشێکی لەناکاو و فراوانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، کە تێیدا دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بنکە سەربازییەکان، و ژێرخانی بەرگریی ئەو وڵاتەی کردە ئامانج. تەلئەڤیڤ ڕایگەیاندبوو کە ئامانجی هێرشەکە تێکشکاندنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و لەناوبردنی ژێرخانی مووشەکیی ئەو وڵاتە بووە.
هاوکات، ئەمەریکاش هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە ئامانجی پەکخستنی تواناکانی و ڕێگریکردن لە گەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی.