عەبدولرەحمان سدیق : ئەو پلانەی مەسرور بارزانی بۆ ژینگە داینابوو جێبەجێی کرد

عەبدولرەحمان سدیق ڕاوێژکاری بواری ژینگە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان 24ـی ڕایگەیاند،حکوومەتی هەرێمی کورستان، لەسەرەتای کابینەی نۆیەمەوە بایەخی زۆری بەژینگە داوە، ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای جایکای ژاپۆنی چەندین پڕۆژە ی گرنگی ژینگەیی جێبەجێ دەکەن، لەوانە پڕۆژەی ڕیسایکلینی ئاوەڕۆی هەولێر بۆ ئاودانی پشتێنەی سەوزایی هەولێر.
عەبدولرەحمان سدیق دەڵێت: لە سەرەتای کابینەی نۆیەمەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی یەکجار زۆری بە ژینگە داوە، تەنانەت لە بەرنامەی حکوومەتدا کە لەبەردەم پەرلەماندا باسکرا و خرایە ڕوو، لە ماددەی دەیەم، سەرۆکی حکوومەت لەبارەی ژینگەوە بەو دەستەواژەیە دەستی پێکرد"ژینگە گەورەترین سەرمایەی هەرێمی کوردستانە"، بەم دەستەواژەیە هەموو هەوڵەکانی ڕابردوو ، لەلادانی موەلیدەکان هەنگاوێکی زۆر باشبوو، کارەبای 24 کاتژمێری هەنگاوێکی زۆر ئەرێنی بوو، پرۆژەی فریاکەوتنی خێرای ئاوی هەولێر پرۆژەیەکی زۆر باشبوو، کە لەپارێزگا و شارەکانی دیکەش دەکرێن، کاری زۆر باشن.
ڕاوێژکاری بواری ژینگە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانڕایدەگەیەنێت: ئیستا هەوڵێکی زۆر هەیە لە داهاتوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوو بۆ سێ پرۆژەی ستراتیژی گەورە لەپاڵ ئەم پرۆژانەدا بکات کە کردوونی، ئەوانیش، ئەو 7 ملیۆن دارەی لە پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەچێندرێن، پێویستیان بەئاودان هەیە، ئاوەکەش لە ئاوەڕۆی هەولێر دابین دەکرێت.
لەبارەی پرۆژەی ڕیسایکلینی ئاوی هەولێریش، عەبدولڕەحمان سدیو گوتی: 10 ساڵ لەمەوبەر، ڕێکخراوی جایکای ژاپۆنی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە کاردا بوون بۆ ئەوەی پرۆژەیەک بۆ پاڵاوتنی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر بکەن، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش ڕێکخراوەکە لە عێراق کشایەوە، دواتر لە ساڵی 2021 گەڕانەوە کوردستان، ئێستا هەوڵەکان بەردەوامە بۆ ئەوەی تەواوی ئاوەڕۆی هەولێر کۆبکرێتەوە و ڕیسایکلین بکرێتەوە، ئەو 10 پۆندەی کە بۆ ئاودانی پشتێنەی سەوزایی دروست دەکرێت، لەوێوە سوودی لێ وەردەگیرێت.